دواکەوتنی حەقدەستی کرێکارانی شوشەی قەزوێن و کارگەی ڕۆن لە تاران ناڕەزایەتی لێ کەوتەوە

15:11 - 12 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی دوو کارگەی ڕۆن و شووشە لە شارەکانی تاران و قەزوین بە هۆی وەرنەگرتنی حەقدەستیان بە هۆی دواکەوتنی پارەی چەند مانگیان، دەستیان دایە ناڕەزایەتی دەربڕین.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوار شەممە ١١ی ڕەشەممە، کرێکارانی کارگەی شووشەی شاری قەزوێن بە هۆی دواکەوتنی ٥ مانگی مووچەیان لەلایەن خاوەن کارگەوە دەستیان دایە مانگرتن.

کرێکارانی ئەو کارگەیە لە ماوەی کەمتر لە ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا ئەمە دووهەمین جارە کە بە هۆی دواکەوتنی حەقدەستیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

خاوەنکاری ئەو کارگەیە\"بارودۆخی نالەباری ئابووری\" ئەو کارگەیەی بە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی کرێکاران گەڕاندەوە.

لە نێوەڕاستی ڕێبەندانی ئەمساڵدا، بەرێوەبەری کارگەی شووشەی قەزوێن لەگەڵ ٦٠ کرێکار ڕێککەوتنی کاتی واژۆ کردبوو، بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگە دا ڕایگەیاندووە کە ناتوانێت گرێبەستەکەیان دڕێژ بکاتەوە.

\"\"
کرێکارانی کارگەی روغن نباتی قوی تاران
خاوەنکاری ئەو کارگەیە هۆکاری وەدەرنان و بێکاری ئەو کرێکارانەی بۆ\"قەیرانی ماڵی\" ئەو کارگەیە گەڕاندەوە و ڕایگەیاند کرێکاران دەبێ بۆ پاکانە حیساب لانیکەم یەک ساڵ ڕابوەستن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، کرێکاران و فەرمانبەرانی کارگەی \"روغن نباتی قو\"، ڕۆژی چوار شەممە ١١ی ڕەشەممە. لە شاری تاران سەبارەت بە دواکەوتنی ٤ مانگ مووچەیان لە بەرانبەر ئەو کارگەیە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

کرێکارانی ناڕازی ئەو کارگەیە، بەهەڵگرتنی پلاکارد و نووسراوە، داواکاری پێدانی پارەی چوارمانگی دواکەتوو و هەروەها پارەی جێژنانەی ئەمساڵ لەلایەن خاوەنکارەوە بوون.