دواخرانی حوكمی سێدارەی چوار زیندانیی عەقیدەتیی كورد

16:08 - 25 جۆزەردان 2714
ئاژانسی كوردپا: هاوكات لەگەڵ دواخرانی حوكمی لەسێدارەدانی چوار زیندانیی كوردی پەیڕەوی مەزهەبی سوننە لە زیندانیی رەجایی شاری كەرەج، ناوەندێكی مافی مرۆڤ لەكوردستان داوی كردووە بایەخ و سەرنجی زیاتر بە پرسی زیندانیانی سوننی مەزهەب بدرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەری كوردپا، شەوی رابردوو چوار زیندانیی كوردی سوننی مەزهەب لە ژوورە تاكەكەسییەكانی رەجایی شاری كەرەجەوە بۆ زیندانی قزلحەسار راگوێزراون.

ئەو زیندانیانە رێكەوتی ٢٤‌ی جۆزەردان لە ساڵۆنی ١١‌ی بەندی ٤‌ی رەجایی شارەوە بە مەبەستی جێبەكردنی حوكمی سێدارە، بردرابوونە ژووی تاكەكەسێیەوە.

حامید ئەحمەدی، جەهانگیر دەهقان، جەمشید دەهقان و كەماڵ مەلایی ئەو زیندانییە عەقیدەتیانەی كوردن كە لەلایەن دەزگا قەزاییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە \"موحارەبە لەرێگەی لایەنگری لەگرووپە سەلەفییەكان\" تاوانبار كراون.

ئەو چوار كەسە لەماوەی سەرجەم دادگایی كردنەكاندا ئەو تۆمەتانەیان رەت كردۆتەوە.

كەمپەینی بەرگری لەزیندانیانی سسیاسی و مەدەنی لەزار حەبیبوڵڵا ئەحمەدی باوكی حامید ئەحمەدی‌یەوە بڵاوی كردۆتەوە، \"كاتژمێر حەوتی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە رێكەوتی ٢٥‌ی جۆزەردان، لە بەردەرگای زیندانی رەجایی شاری كەرەج ئاگاداریان کردینەوە: کوڕەکانتان بۆ زیندانی قەزلحەسار راگوێزراون و دوای سەردانمان بۆ ئەو زیندانەش لەوێ‌پێیان راگەیاندین كە حوكمی لەسێدارەدانەكە ئەمشەو بەڕێوە نەچووە و بڕیارە لە رۆژەكانی داهاتوو ئەو حوكمی بچێتە بواری جێبەجێ‌كردنەوە.

دەگوترێت بنەماڵەی ئەو چوار زیندانیە مەزهەبی‌یە، بەسەر چەند دەستەدا دابەش بوون و لەبەر دەرگای زیندانەكانی ئێڤین، رەجایی شاری كەرەج و قزلحەسار ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و خوازیاری راگرتنی حوكمی سێدارەی رۆڵەكانیان بوون.

\"20527.jpg\"
هەر لەو پێوەندییەدا رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان لە بەیانییەیەكدا داواوی لە راگەیاندنە گشتییەكان، حیزب و رێكخراوە سیاسی و مەزهەبییەكان كردووە، بە مەبەستی رێگری كردن لەبەڕێوە چوونی حوكمی ئێعدامی ئەو چوار هاووڵاتییە كوردە هەوڵەكانیان وەگەڕ بخەن.

ئەو ناوەندە مافی مرۆڤییە هوشداری داوە، كە \" كوشتنی ئەو چوار زیندانیە مەزهەبییە\" دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی \"ناكۆكیی میللی ـ مەزهەبی\" زیاتر لەئێران و بەتایبەت لەناوچە كوردنشینەكان و دەرئەنجامەكانی ئەو ناكۆكییەكانە بەرەوڕووی دەزگا قەزایی و لێپرسراوانی ئەمنیەتی ئێران دەبێتەوە.

هاوكات لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەی دەرەوەی زیندانی روجایی شاری كەرەج، زیندانیانی عەقیدەتی سوننە مەزهەبی ناو زیندانیش نامەیەكیان روو بە پیاوانی ئایینی بڵاو كردۆتەوە.

لەبەشێكی ئەو نامەیەدا هاتووە، \" ئێمە داوا لە زانایانی ئیسلام دەكەین، كە سەرجەم توانای خۆیان بە مەبەستی رێگریی لە بەڕێوەچوونی حوكمی لەسێدارەدانی ئەو لاوانە و لاوەكانی دیكە كە هاوچارەنووسن، وەگەڕ بخەن\".