دوا زانیاری سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی کوردستان

15:07 - 8 رەشەمه 2715
هەواڵدەرییە حکوومەتییەکانی ئێران لە ئامارێکی نافەرمی‏دا، ڕێژەی بەشداربووان لەم خولەی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگانیان بە ٣٣ میلیۆن کەس ڕاگەیاندووە.

ئەو ڕێژەیە لە کوردستان لە نێوان پەنجا بۆ سەدی حەفتا دەبێ.

هەربەپێی ئاماری ماڵپەڕەکانی نێوخۆ، ٥.٥ میلیۆن دەنگدەری کورد مافی بەشدارییان هەبووە.

سەبارەت بە ڕێژەی بەشدارانی کورد لەم دوو هەڵبژاردنەدا، چالاکانی مەدەنی لە کوردستان ئاماری جیاواز دەدەن و لەم پێوەندییەدا، نێونجی ئامارەکان لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٥% بووە.

زۆربەی هەرەزۆری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، هەڵبژاردنی ٧ی ڕەشەمەیان بایکۆت کردبوو.

لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کە دوو میلیۆن و سێ‏سەد هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، ٣ جار وادەی کۆتایی دەنگدان دڕێژ کرایەوە و گەیشتە کاتژمێر ١١ شەویش.

پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، هۆکاری درێژکردنەوەی کاتی وەرگیرانی دەنگەکانی بۆ بەشداریی لەسەدا شەستی هاووڵاتیان گەڕاندەوە.

هەروەها تاکوو ئێستا، تەنیا چوونی نوێنەری شاری بۆکان بۆ مەجلیسی ئیسلامی یەکلایی بووەتەوە و هەڵبژاردنەکانی شاری سەڵماس کێشرایە قۆناغی دووهەم.

لە پارێزگای کوردستانیش کاتی دەنگدان سێ کاتژمێری دیکە درێژکرایەوە و ڕێژەی بەشداربووان بە جیاوازییەوە بڵاو بووەتەوە.

لە کاتێکدا کە بەرپرسی ستادی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای کوردستان ئاماری دەنگدەرانی ٥٨١ هەزار کەس ڕاگەیاند، کاتژمێرێک دواتر، ئەو ئامارەی بە ٦٠٥ هەزار کەس ڕاگەیاند.

شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا، هەڵبژاردنەکانیان وەک شاری سەڵماس، قۆناغی دووهەم دەبڕێت.

لە پارێزگای کرماشان، نوێنەرانی \"بناژۆخواز\" زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەست هێناوە و تاکوو ئێستا ٦ کورسی لە ٨ کورسیی مەجلیسیان مسۆگەر کردووە.
هەواڵدەرییەکانی حکوومەت لەو پارێزگایە، ڕێژەی بەشداربووان بە لەسەدا شەست، ڕادەگەیەنن.

بە وتەی لێپرسراوی لێژنەی پشکنینی هەڵبژاردنەکانی کرماشان، لە هەندێ شاری ئەو پارێزگایە، کاروانی دەنگدان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە وەڕێ‏خراوە کە دوێنێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی یەکێک لە کاروانەکانی ڕوانسەر بڵاوکرایەوە.

لە پارێزگای کرماشان بە پێچەوانەی باقی پارێزگاکانی کوردستانی ئێران، پشووی قوتابخانەکان ڕاگەیەندرا و هەڵبژاردنەکانی دوو بازنەی هەڵبژاردنی سونقور و کرماشان کێشایە دەوری دووهەم.

بچووکترین پارێزگای کوردستانی ئێرانیش، ڕێژەی بەشداربووانی زیاتر لە ٧٥% ڕاگەیندراوە کە دەکاتە ٣٢٥ هەزار دەنگدەر.

لە شارەکانی ئیلام، ئەیوان، شیروان و مێهران کە یەک نوێنەریان هەیە، هەڵبژاردنەکانی وەک شارەکانی سەڵماس، مەریوان و سەوڵاوا، سونقور و کرماشان کەوتە قۆناغی دووهەم.

لە کوردستانی ئێران زۆربەی نوێنەرەکانی خولی دەیەم، لە جیناحی \"بناژۆخواز\"ن و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لە ٢٩ نوێنەری کوردستانی ئێران، تەنیا ٥ کەسیان \"چاکسازیی‏خواز\"ن.