درەوشانەوەی کچە وەرزشوانەکانی کورد لە کێبڕکێی ئاسیاییدا

11:46 - 30 سەرماوەز 2721

 دوو کچە وەرزشوانی شاری کرماشان لە کێبڕکێی قارەمانیەتیی کاراتەی ئاسیا- قەزاقستان، دوو میداڵی زێڕ و زیویان بەدەست هێنا.

لە کێبڕکێی قارەمانیەتیی ئاسیا، "ئاتوسا گوڵشادنژاد" کچە وەرزشوانی کرماشانی لە کێشی ٦١ کیلۆ، توانی بەسەر ڕکابەرەکەی خۆی سەربکەوێت و میداڵی زێڕ بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

"ئاتوسا" لە یەکەم کێبڕکێی خۆیدا لەگەڵ ڕکابەرە فیلیپینەکەی توانی شکستی پێ بهێنێت، هەروەها لە دووەم کێبڕکێدا توانی چوار بە سیفر لە ڕکابەرە هۆنگ کۆنگییەکەی بباتەوە و لە دوایین کێبڕکێدا، چوار بە سێ یاریزانی خانەخوی شکست دا و میداڵی زێڕی ئەو کێبڕکێیە و پلەی قارەمانیەتیی دەستەبەر کرد.

هەروەها "ستایش نادری" کچە کاراتەکاری کرماشانی لە ئاستی تەمەنیی مێرمنداڵان، پاش شکستدانی ڕکابەرەکانی دیکە، توانی بچێتە قۆناغی کۆتایی و پاش دۆڕاندنی بە کاراتەکاری قەزاقستانی، پلەی دووەم و میداڵی زیوی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.