درەوشانەوە وەرزشوانانی کورد لە ئاستی ئێراندا

14:50 - 27 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی سەرکەوتنی وەرزشوانانی کورد، لە بەشە جۆراوجۆرەکانی وەرزشی لە ئاستی ئێراندا، سێ وەرزشوانی کورد میداڵی زێڕ و حوکمی قارەمانیان بە دەست هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی وەزرشوانی کورد، بە ناوی \"شێرزاد عەلیڕەمایی\" خەڵکی گوندی\"نجێ \"، سەر بە شاری سنە، لە ٢٤هەمین کێبڕکێی قارەمانی \"رزم کشور\"، حوکمی قارەمانیی ئەو کێبڕکێیە بەدەست هێنا.

شێرزاد عەلیڕەمایی لە کێشەی ٦٥ کیلۆدا، توانی لە قۆناغی تەمەنیی گەورەساڵان، پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت.

لە لایەکی دیکەوە، کچە وەرزشوانێکی کورد، بە ناوی \"نەسیبە شەهبازی\" تێکواندۆکاری مەریوانی، توانی وەکوو یەکەمین کچ، میداڵی زێڕی چوارەمین کێبڕکێی قارەمانیی ئۆلەمپیکی \"نەبیستەکان\" بەدەست بهێنێت.

هەروەها، \"موبین خزری\" کونگفۆکاری کوردی خەڵکی گوندی \"پاشبڵاغی\" شاری بۆکان، توانی لە کێشی ٤٤ کیلۆدا، بە سەر ڕکەبەرەکانیدا زاڵ بێت و پلەی یەکەم بەدەست بهنێت.

ئەو کێبڕکێیە ١٨ی گەلاوێژ، لە شاری چالووس لە باکووری ئێران بەڕێوە چوو.
لە لایەکی دیکەوە، ئارش عەلیمورادی، لە کێبڕکێی ددلیفتی هەڵبژرادەی جیهان لە گورجستان ، میداڵی زێڕی سەرووترین کێشی پاڵەوانیی ئاسنی بەدەست هێناوە، ناوبراو میداڵە زێڕەکەی خۆی پێشکەش بە گەلی کورد کرد.
شایانی باسە ئەم کێبڕکێیانە لە نێوان ٤٢٠ کەس بەڕێوە چووە.