درێژەی ڕەوتی دەسبەسەرکردنی چالاکانی ژینگەپارێزی لە کامیاران

21:53 - 16 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دەسبەسەرکردنی چالاکانی ژینگەپارێزیی خەڵکی شاری کامیاران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە درێژەی هەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی بەفرانبار، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ئیدارەی ژینگەپارێزیی کامیاران و \"ئامانج قوربانی\" فەرمانبەری ئەو ئیدارەیە و چالاکی ژینگەپارێزیان دەسبەسەر کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو فەرمانبەرەی ئیدارەی ژینگەپارێزیی کامیاران لەبەر چاوی هاوکارانی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان دراوەتە بەر لێدان و دەسبەسەریان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە وتی: ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە پاش دەسبەسەرکردن بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییه.

لەم پێوەندییەشدا، ڕۆژی شەممە ١٥ی بەفرانبار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هێرشیان کردووە سەر ماڵی دوو چالاکی کورد بە ناوەکانی \"ڕاشد مۆنتەزری\"، چالاکی ژینگەپارێز و \"حسەین کەمانگەر\"، زیندانی پێشووی سیاسی لە کامیاران و ئەم دوو چالاکە کوردەیان دەسبەرسەر کردووه.

هەروها لە هەمان ڕۆژدا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هێرشیان کردووە سەر شوێنی کاری \"عیسا فەیزی\"، چالاکی ژینگەپارێز لە شەقامی \"ئەلک شار\"ــی کامیاران و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانباریش، سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری کامیاران بە ناوەکانی \" هادی کەمانگەر\"، \"فازڵ قەیتاسی\" و \"ڕەزا ئەسەدی\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە له چالاکانی ژینگەپارێزی شاری کامیارانن.