درێژەی هێرشە تۆپخانەییەکانی سپای پاسداران بۆ سەر مەقەڕی حیزبە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان
تۆپبارانی مەقەڕەکانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران بۆ حەفتەمین ڕۆژی بەردەوام لەلایەن تۆپخانەکانی سپای پاسداران لە هەرێمی کوردستان درێژەی هەیە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: کاتژمێر ٥ی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، هەشتی ڕەزبەر، ناوچە شاخاوییەکانی هەڵگورد، سیدەکان، بەربزین و سەقەر بۆ حەوتەمین جاری یەک لە دوای یەک کرانە ئامانجی هێرشە تۆپخانەییەکانی سپای پاسداران.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: هێرشەکانی سپای پاسداران بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان خەساری گیانیی بەدواوە نەبووە، بەڵام خەسارێکی بەرچاو بەر ژینگە و دانیشتووانی ئەم ناوچانە گەیشتووە.
دوابەدوای هێرشە بەردەوامەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر مەقەڕەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان کە ڕۆژی شەممە، ٢ی ڕەزبەر دەستی پێ کردووە، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١، سەرەڕای مەقەڕەکانی ئەم حیزبانە ناوچە سنوورییەکان، کەمپی پەنابەرانی سیاسی و مەقەڕی ئەم حیزبانە لە شاری کۆیە و پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر، بووە ئامانجی هێرشە پەهبادی و مووشەکییەکانی سپای پاسداران.
ڕۆژی ٦ی ڕەزبەر، مەقەڕ و کەمپەکانی پەنابەرانی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کۆیە، حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی و پارتی ئازادیی کوردستان لە هەولێر، کرانە ئامانجی هێرشەکانی سپای پاسداران. هەروەها کەمپی پەنابەرانی سیاسیی ئەم حیزبانەش کە بنەماڵە و ژن و منداڵی چالاکانی سیاسی تێیدا نیشتەجێن و لە ژێر چاوەدێریی ڕێکخراوی UNدان کرانە ئامانجی هێرشی مووشەکی.
لە ئاکامی هێرشە پەهبادی و مووشەکییەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر مەقەڕی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و کەمپی پەنابەرانی سیاسیی ئەم حیزبانە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، ١٧ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٤٩ کەس بریندار بوونە.