درێژەی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە شاری شنۆ

13:47 - 11 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە شاری شنۆ، دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی ئەو شارە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"سەلام مەردان\" تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی خالید خەڵکی گوندی \"سەوجە \"جەبلی وەیسی\" خەڵکی ناوچەی دەشتەبێڵی شاری شنۆ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە بە جیاجیا و لە شوێنی کارەکەیان دەسبەسەر کراون و هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" ڕاگەیاندووە.

جەبلی وەیسی ساڵی ٩١، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و دواتر بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە هەروەها لە یەک ساڵی ڕابردوودا چەندین کەڕەت بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ کراوە و لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.