درێژکردنەوەی بڕياری دەسبەسەری و ناڕوونیی چارەنووسی "مەسعوود نیکخا" مامۆستای زیندانیکراو

12:57 - 12 پووشپەڕ 2722

مەسعوود نیکخا، ئەندامی هەیئەتی بەڕێوبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، پاش ٥١ ڕۆژ لە دەسبەسەری، لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگیراوە.

ئەو چالاکە سێنفییە لە ٢٢ ڕۆژی ڕابردوودا هیچ جۆرە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکەی لێ کەوتووتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٤ی جۆزەردان، مەسعوود نیکخا لەگەڵ شەعبان محەممەدی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکانیان ڕایانگەیاندبووە کە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندی ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزراون.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، "مەسعوود نیکخا" ئەندامی هەیئەتی بەڕێوبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- مەریوان، دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرایەوە.

دەسبەسەرکردنی مەسعوود نیکخا لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ، بە دانانی کەفاڵەت لە زیندانی مەریوان ئازاد کرابوو.