درکرانی کرێکارە کوردەکانی کانگەی زێڕی زرە شۆران لە تیکاب

21:01 - 18 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: تێکڕای کرێکارە خۆجێییەکانی گەورەترین کانگەی زێڕی ئێران لە شاری تیکاب، لەلایەن بەرپرسانی ئەو کانگە زێڕە لەسەر کار دەرکران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ئەمرۆ دووشەممە رێکەوتی ١٨ی خاکەلێوە کرێکارە کوردەکانی کانگەی زڕە شۆران، کە سەرجەمیان خەڵکی گوندەکانی زڕە شۆران، هەلوچەلی و شاری تیکابن، بە بڕیاری بەرپرسانی ئەو کانگە زێڕە لەسەر کار دەرکران.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری تیکاب رایگەیاند؛ کرێکارە کوردەکان بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەو هەڵوێستەی بەرپرسانی کانگەی زێڕی زڕە شۆران، رێگەی سەرەکیی ئەو کانگە زێڕەیان داخست و بە دژی بەرپرسانی حکوومەتی ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ناڕەزایەتیی کرێکارانی ئەو کانگە زێڕە هەتا کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ بەردەوام بوو، کە لەلایەن مەئموورانی هێزی ئینتزامیی شاری تیکابەوە هێرشیان کرایە سەر.

ئەو کرێکارە کوردانە، کە زۆربەیان زیاتر لە دوو ساڵە لەو کانگە زێڕە پێشینەی کار کردنیان هەبووە، خوازیاری گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان بوون، کە هەتا ئێستا هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

شاری کوردنشینی تیکاب، دوو کانگەی زێری ئاغدەڕە و زڕە شۆرانی تێدا هەڵکەوتووە، کە بە گەروترین کانگەی زێڕ لە ئێران و رۆژهەڵاتی ناڤین دادەندرێن، ئەوەش لە کاتێک دایە کە بە یەکێک لە شارە کوردە هەژارنشینەکانی کوردستانی ئێران دادەندرێت.

کانگەی زرە شۆران لە ٣٩ کیلۆمیتریی شاری تیکاب هەڵکەوتەوە و ١١ ملیۆن تۆن پاشەکەوتی زێڕی ٧.٩ عەیاری تێدایە، کە ٨٨ تۆن زێری خالیس و ٢ تۆن نوقرەی خالیسی لێ بەرهەم دێت.

کانگەی زێڕی زرەشۆران ساڵی ١٣٨٩ لەژێر چاوەدێریی سوپای پاسدارانی حوکومەتی ئیسلامیی ئێراندا دەستی بەکار کردووە و ساڵانە ٣ تۆن زێڕی خالیسی لێ بەرهەم دەهنرێت، کە زیاتر لە ٣٠٠ فەرمانبەر و کرێکار تیایدا سەرقاڵی کار کردن بوون، کە نزیک بە تێکڕای کرێکار و فەرمانبەرەکان خەڵکی ناخۆجێی و غەیرە کوردن.

لەلایەکی رۆژی شەممەی رابردوو رێکەوتی ١٦ی خاکەلێوە ٢٠٠ کرێکاری شیرکەتی فولادی زاگرۆسی قوروە بە نێشناەی هەڵوەشانەوەی کارخانەکە و پێ‌نەدانی مووچەی ٤ مانگی دواکەوتووی خۆیان، لەبەر دەم ئوستانداریی شاری سنە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێک هێنا.

عەلی ئەکبەر هیدایەتی بە نوێنەرایەتی ئەو کرێکارانە لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا رایگەیاند؛ بە هەڵوەشانەوەی ئەو کارگەیە، ٢٧٤ کەس بێکار دەبن و هەر بەم هۆیەوە ئەم کرێکارانە کۆبوونەوەی نارەزایەتیاین پێکهێناوە.

ئەو کارگەیە رۆژی ٢٢ی رەشەممەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی هەڵوەشاوە راگەیاندراوە و رۆژی ٢٦ی رەشەمە هەواڵەکەی لە رۆژنامەی ئیتلاعات‌دا بڵاو کرایەوە.

پێشتریش کرێکارانی ئەو کارخانەیە بەهۆی دەرکرانیان لەسەر کار و پێنەدرانی مووچەی دواکەوتووی خۆیان لە بەردەم مەجلیسی ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێکهێنابوو.
\"19217.jpg\"

\"19218.jpg\"

\"19219.jpg\"

\"19220.jpg\"