دروستکردنی بەنداو لە سیروان، کارەساتی مرۆیی و ژینگەیی بەدوای خۆیدا دێنیت

15:20 - 29 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: گەورەترین پرۆژەی عومرانی لە ئوستانی ئیلام، سەدان هیکتار باخ و باخاتی سەدان شوێنەواری مێژوویی شارستانی سیروان لە نێو دەبات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای ئاوگیریی بەنداوی سەیمەرە لە شارستانی بەدرە، باخاتی پشت بەنداوی شارستانی سیروان بەرەوڕووی مەترسیی لەناوچوون دەبنەوە.

بەرزایی ئەو بەنداوە \"بتۆنی(چیمەنتۆ)یە\"١٨٠ میترە و بەپێی گوتەی فەرمانداری شارستانی سیروان، زیاتر لە هەزار هیکتار زەوی بەیت و بە کەڵک و ٣٠٠ هیکتار باخاتی هەنار لە ئەنجامی ئاوگیریی ئەو بەنداوەدا دەکەونە ژێر ئاو.

بەگوتەی ئەو لێپرسراوە دەوڵەتییە، ئەو باخاتەی کە بەهۆی ئەو بەنداوەوە مەترسییان لەسەرە، باشترین باخاتی شارستانی سیروانن و بەنداوەکەش هیچ سوودێکی بۆ خەلکی ناوچەکە نییە.

شارستانی سیروان لە ئوستانی ئیلام، ٢٥٠ هیکتار باخاتی (ترێ)ی هەیە و بە جەمسەری ترێ (قطب انگور) دادنەدرێت.

موراد یەگانە لە لیدوانێکدا بۆ هەوالدەریی ئیسنا، باسی لە چۆبوونی ٦ گوند بەهۆی ئاوگیریی بەنداوەکە لەماوەی ساڵی داهاتوودا کردووەو رایگەیاندووە: هەتا ئێستا تێچووی گواستنەوەی ئەو گوندانە کە نزیک بە ٥٠٠ بنەماڵەیە، قەرەبوو نەکراوەتەوە.

زاهیری سەروو، زاهیری خواروو، چەم چەنگڵ، دار بەروو، چەم رووتە و چەم شیر، ئەو گوندانەن کە لە ساڵی داهاتوودا چۆڵ دەکرێن.

کەوتنە ژێر ئاوی سەدان شوێنەواری گرانبەهای مێژوویی کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمی پێش لە چاخی مەفرەق، چاخی بەردینی نوێ و مس و بەردین هەتا سەردەمی ئەشکانی، ساسانی و ئیسلام دەگەڕێتەوە، پاشهاتە نەگەتیڤەکانی ئاوگیریی بەنداوی شارستانی سیروانن.

شارستانی سیروان بە ناوەندییەتیی شاری لۆمار، کە دوو بەخش و ٤ شارەدێ لە خۆ دەگرێت، زۆربەی حەشیمەتەکەی هاووڵاتییانی کوردی شیعە مەزهەب پێکی دینن.