دایکێک بووە قوربانیی هەڵەی پزیشکی لە نەخۆشخانە

14:54 - 13 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: خەمساردی لە چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانەی قودسی پاوە، منداڵێکی لە سۆزی دایکی بێبەش کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنێکی دووگیان لە نەخۆشخانەی شار پاوە، ڕۆژێک پاش نەشتەرگەریی سزاریەن، گیانی لەدەست دا.

مەرزییە شوکری، کچی کەیکاووس، ئەو ژنەی خەڵکی شاری نەوسوود و نیشتەجێی دووریسانە کە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو گیانی سپارد.

بەپێچەوانەی وتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانە کە گوایە کادری دەرمانی هەوڵی گەڕاندنەوەی ژیانی خاتوو مەرزییەیان داوە، سەرچاوەکانی کوردپا لەزاری نزیکەکانی ئەو نەخۆشەوە بڵاویان کردەوە کە؛ \"لە نیوەڕۆی پێنج‌شەممەوە دۆخی مەرزییە زۆر خراپ بووە و چووەتە کۆما، بەڵام پزیشکەکان لە گواستنەوەی ناوبراو بۆ کرماشان خۆیان بواردووە\".

\"\"
مەرزییە شوکری
ڕاپۆرتی نێردراو باس لەوەش دەکا کە، دۆسیەی ئەم هەڵە پزیشکییە لە نەخۆشخانەی قودسی پاوە کەوتوەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و منداڵی تازە لەدایکبووش بە هۆکاری نادیار گوازراوەتەوە بۆ کرماشان.

مردنی دایکانی دووگیان لە ڕووداوە هەستیارە پزیشکییەکان دێتە هەژمار و لە سەرووی سکاڵا نێردراوەکان بۆ ناوەندە پێوەنیدارەکانەوەیە.

گەلاوێژی ئەو ساڵ ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی بڵاوی کردەوە کە؛ \"هەڵەی پزیشکی\" و تۆمار کردنی سکاڵا لەسەر دوکتورەکان لە دادگاکان زیادی کردووە و ئاماری ساڵی ٩٤، لە سەتا حەوت، بە نیسبەت ساڵی پێشووتری بەرزبووەتەوە.