دایکی ئەرسەلان خودکام داوای ڕزگارکردنی کوڕەکەی لە سێدارە دەکات

11:35 - 28 بانەمەڕ 2720

"ئایشە گوڵ سەلیمی ئەقدەم"، دایکی ئەرسەلان خودکام، زیندانی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام، لە کورتە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، خوازیاری ڕزگاربوونی کوڕەکەی لە پەتی سێدارە بوو.

دەقی قسەکانی دایکی ئەرسەلان خودکام بەم چەشنەیە:

بسم‌االله‌الرحمن‌الرحیم

من دایکی ئەرسەلان خودکام (سوهرابیـ)ـم. حوکمی ئێعدام بە سەر کوڕەکەمدا سەپاوە، کوڕی من بێتاوانە. بەم مانگە پیرۆزە و خۆشەویستە |(ڕەمەزان) سوێند دەخۆم کە کوڕەکەی من بێتاوانە. تکا لە بەرپرسان دەکەم کە کوڕەکەی من لە پەتی سێدارە ڕزگار بکەن.

کوڕەکەم کارێکی نەکردووە. منداڵی لاوی، هەیە ژنی هەیە. سێ مانگ کوڕەکەمم نەدیتووە. ماوەی دووساڵ لە زیندانی ورمێ دایە، ناچارم سەردانی ورمێ بکەم بۆ چاوپێکەوتنی کوڕەکەم، بەڵام ئیزنی چاوپێکەوتم پێی نەدان، باوکی ئەرسەلان ماوەی سێ مانگه لە شاری تاران ئاوارە و سەرگەردانە و هەموو دەرگاکانی کوتاوە، بەڵام وڵامێکی وەرنەگرتووە. ماوەی دوو ساڵ هەموومان بەدواچوون دەکەین، تکا لە ئێوە دەکەم لە پەتی سێدارە ڕزگاری بکەن.  ئیزن نەدەن کوڕەکەی ئێعدام بکرێت، دەستان ماچ دەکەم و نزاتان بۆ دەکەم لە بەر گەورەیی خوا و حەزەرەتی ڕەسووڵەڵڵا.

من نەخۆشی دڵم هەیە و ناتوانم بۆ شوێنێک بڕۆم، تکا دەکەم جەرگ سووتاومان نەکەن، تکا دەکەم بە چەرەمەسەری و بەدبەختی کوڕەکەمم گەورەم کردووە.

دیوانی باڵای وڵات لەژێر گوشاری سپای پاسداران حوکمی لەسێدارەدانی "ئەرسەلان خودکام"، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێی پشتڕاست کردەوە.

 ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، سێ جار بە حوکمەکەی ناڕەزایەتی دەربڕیوە و دیوانی باڵای وڵاتیش بە ڕەتکردنەوەی پێداچوونەوە بە حوکمی ئەو زیندانییە سیاسییە، حوکمی لەسێدارەدانەکەی پشتڕاست کردووەتەوە.

"ئەرسەلان خودکام" تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، ڕێکەوتی ٣ی بانەمەڕی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٣٦ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای ئەلمەهدیی ورمێث، لەژێر لێکۆڵینەوەدا بووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، دواتر ڕەوانەی زیندان کرا و ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی هەمان ساڵ لەلایەن لقی یەکی دادسەرای نیزامیی ورمێ، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.