دایکی ٤ منداڵ لە روانسەر کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

14:48 - 4 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی تەمەن ٤٦ ساڵەی کوردی خەڵکی ناوچەی روانسەر، بەهۆی کێشەی خێزانییەوە هەوڵی خۆکوژی داو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢ی پووشپەڕ ژنێک بەناوی فەرەحناز ستایی، کە تووشی کێشەی خێزانی هاتبوو، کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

فەرەحناز ستایی، کە دایکی ٤ منداڵ و خەڵکی گوندی (روتوەند)ی سەربە شاری روانسەر بووە، لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە، هەوڵی خۆکوژی داوە.

بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تەنیا لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا (١٣٩٣ی هەتاوی)، ٢٠ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆکاری جیاجیا هەوڵی خۆکوژییان داوەو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

چالاکانی ژنان، یەکێک لە هۆکارەکانی پەنابردنی ژنان بۆ خۆکوژی بۆ نەبوونی یاسای شیاو لە وڵاتی ئێراندا دەگەرێننەوەو لەو باوەڕەدان، یاسا بەو شێوەی پێویستە پشتگیری لە ژنان ناکات، چونکە یاسا لە وڵاتی ئێراندا یاسایەکی پیاوسالارە و لەلایەکی دیکەشەوە کاتێک ژنان سکاڵا لەمەڕ توندوتیژییەکان تۆمار دەکەن، یاسا تەنیا بە ئاسەواری ئەشکەنجەی سەر جەستەی ژنان گرینگی ئەدات.