دایکی دوو منداڵ لە شاری ساحێب کۆتایی بە ژیانی هێنا

14:20 - 16 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی خەڵکی شاری ساحێب سەر بە بەشی زێویەی شارستانی سەقز بە هۆکاری نادیار هانای بۆ خۆکوژی برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەر، ژنە هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری \"ساحیب\" سەر بە شارستانی سەقز کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو ژنە لاوە بە ناوی\"ف\" خەڵکی ساحیب ڕاگەیەندراوە.

ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە دایکی دوو منداڵە و مێردەکەی کرێکارە و لە شاری تاران خەریکی کرێکاریە.

دەوترێ، ئەو ژنە کوردە \"بەنزین\"ی بە سەر خۆیدا، کردووە و ئاگری لە جەستەی بەرداوە.

هەتا ئێستا هۆکاری خۆسووتاندنی\"ف\" نادیارە.

چالاکانی مافی ژنان سەبارەت بە خۆسووتاندنی ژنان دەڵێن: ئاماری خۆسووتاندنی ژنان ڕوون نییە و هۆکاری خۆسووتاندن بۆ کێشەکانی وەک زۆریی حەشیمەت و پێکهاتە نەشیاوەکان، هەژاری ئابووری، بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان، داب و نەریت و باوەڕە هەڵەکان لە کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە.

توێژەرانی كۆمەڵایەتی لەو باوەڕەدان بەهۆی ڕێگەنەدان بە توێژینەوەی مەیدانی و تۆماركردنی حاڵەتەكانی خۆسووتاندن و خۆكوژی لە ناوچە كوردنشینەكان ئامارێكی راست و دروست لە رێژەی ڕووداوەكان لەبەردەستدا نییە و بێگومان ئاماری راستەقینەی خۆسووتاندن و خۆكوژییەكان لەو ڕێژەیە زیاترە.