دایکی دوو منداڵ لە شاری بۆکان بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

13:14 - 2 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: ژنە هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری بۆکان بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەزەڵووەر، ژنە هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"نەرمین سەمەدی\" کچی عۆسمان، خەڵکی شاری بۆکان بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی لەگەڵ مێردەکەی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: نەرمین کە دایکی دوو منداڵە، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی لەگەڵ مێردەکەی، بە هۆی خواردنی \"قرص\" کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە، پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی ورمێ لە جادە نێوان بۆکان_ورمێ، پێش گەیشتن بە نەخۆشخانەی ئەو شارە گیانی لە دەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، نەرمین سەمەدی بە هۆی زیندانیی کردنییەوە لە لایەن مێردەکەی لە ماڵ، دەستی داوەتە خۆکوژی.

بەپێی ڕاپۆرتێک لە لایەن، ئومید موحەدس سەبارەت بە خۆکوژی لە ٥ پارێزگا، تەنیا لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، لوڕستان، سنە و ورمێ، ١٣٩٥ حاڵەتی خۆکوژی تۆمار کراوە کە بەواتای ٢٨٪ی خۆکوژییەکان لە ئێران بە گشتیی بووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە کۆی ١٣٩٥ حاڵەتی خۆکوژی لە شارە کوردنشینەکان کە هەوڵی خۆکوژییان داوە، ٥٧٠ کەس ژن بوون و ٨٢٥ کەسیشیان پیاو بوون.