دایک و کچێک و سێ هاووڵاتیی تر لە شاری بانە دەسبەسەر کران
پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "نەوزاد کەریمی" خەڵکی مەریوان، "عەلی سەحرایی" خەڵکی کرماشان"، "وریا موئید" خەڵکی سنە، "کەژان سەمەدی" تەمەن ٤٠ ساڵ و کچەکەی "شیلان ئومیدپەنا" تەمەن ١٨ ساڵ خەڵکی مەریوان، لە شاری بانە لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو پێنج هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکردن بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "لە چۆنیەتیی دەسبەسەرکردنی ئەو پێنج هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە".
ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی بانەمەڕ، قەرارگای حەمزەی هێزی زەوینیی سپای پاسداران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک باسی لە "دەسبەسەرکردنی تیمێکی چەکداری ٥ کەسی لە شاری بانە کرد کە بەپێی ئیدعاکانی ئەو قەرارگایە مەبەستیان دزەکردنە نێو وڵات و ئۆپراسیۆنی خراپکارانە بووە و دەست بەسەر هێندێک چەکوچۆڵیشیان گیراوە".
سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ئیدعای قەرارگای حەمزەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند: "ئەو ٥ هاووڵاتییە هاووڵاتیی مەدەنی وغەیرەنیزامی بوون و لە کاتی دەسبەسەرکردندا هیچ چەشنە تێکەڵچوونی چەکداری لەنێوان ئەوان و سپای پاسداران ڕووی نەداوە و هیچ جۆرە چەکوچۆڵێکیشیان پێ نەبووە".
ئەو سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا هەروەها دەڵێت: "ئەو ڕاگەیەندراوەی قەرارگای حەمزە درێژەی سناریۆکانی دەزگا ئەمنییەتییەکانی حکوومەتە".
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو ٥ هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.
وێنە لە ڕاست بۆ چەپ: وریا موئید، عەلی سەحرایی و نەوزاد کەریمی