دایک و کچێک بە ٧٠ زەربە قامچی و ٨ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران

11:15 - 12 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: حوکمی لێدانی ٧٠ زەربە قامچیی ژنێکی خەڵکی خۆی، لەلایەن نووسینگەی بەڕێوەبەریی سزای دادگوستەریی ئەو شارەوە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی پێنجشەممەی حەوتووی ڕابردوو، ٧ی سەرماوەز، "سلبی مەرەندی" پیرەژنێکی تەمەن ٨٠ ساڵی خەڵکی خۆی کە بە لێدانی ٧٠ زەربە قامچی لەلایەن دادگای گشتیی ئەو شارەوە مەحکووم کرابوو، پاش بانگهێشتکردنی لەلایەن نووسینگەی بەڕێوەبەریی سزای دادگوستەریی خۆی، حوکمەکەی جێبەجێ کرا.

ئەو ژنە هاووڵاتییە پاش جێبەجێکردنی حوکمی لێدانی ٧٠ زەربە قامچی، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ٨ مانگ زیندانییە داسەپاوەکەی، بۆ بەندی ژنانی زندانی خۆی ڕاگوێزراوە.

"سلبی مەرەندی" دایکی "بێهروز زیناڵ ‌نژاد"، زیندانی گیانبەختکردووی زیندانی خۆی بووە و پاش مانگرتنی لەو زیندانەدا، لە پێنجەمین ڕۆژی مانگرتنگەیدا بە شێوەی گوماناوی گیانی لەدەست دابوو.

بەرپرسانی زیندانی خۆی، مردنی ئەو هاووڵاتییان بە خۆکوژی ڕاگەیاندووە و بنەماڵەکەی "بێهروز زیناڵ ‌نژاد"، پاش ڕەتکردنەوەی ئەو هەواڵە بۆ بەدواداچوون سەردانی نووسینگەی بەرپرسی زیندانیان کردووە و لە ئەنجامی هەڵسوکەتی نەشیاوی بەرپرسی زیندان و دادوەری چاوەدێریی زیندان، بووە بەهۆی شەڕ و تێکدانی کەرەستەی نووسینگەی زیندان.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردبووە، پاش سکاڵای بەرپرسی زیندان و دادوەری چاوەدێریی زیندان لەو بنەماڵەیە، دادگای گشتیی خۆی حوکمی لێدانی ٧٠ زەربە قامچی و ٨ مانگ زیندانیی تەعزیری بەسەر "سلبی مرەندی" و "عاتیفە زیناڵ ‌نژاد" داسەپاند و هەنووکە "عاتیفە زیناڵ‌ نژاد"، لە خۆناساندن بە دادگا خۆی بواردووە.