دایک و باوکی چالاکێکی میللی ـ مەزهەبی بانگهێشتی ئیتلاعاتی پاوە کران

16:29 - 15 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی ئیتلاعات لە پارێزگای کرماشان بۆ شەشەمین جار لە ماوەی ئەم ساڵدا دوو هاووڵاتی بەساڵاچووی بانگهێشتی ئەم ئیدارەیە کرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوە دایک و باوکی ئیحسان فەتاحی، چالاکی سیاسی، بانگهێشتی ئەو ئیدارەیه کردووە.

بانگهێشتکرانی ئەو دوو ژن و پیاوە بە شێوەی تەلەفوونی بووە.

سەرچاوەکانی ئاژانسی کوردپا وێڕای دەربڕینی سەرسووڕمانی خۆیان، ڕایانگەیاند: ئەوان دانیشتووی شاری کرماشانن بەڵام لە کردەوەیەکی نەباڵ(غیرمتعارف)دا، لێپیچینەوەکەیان لە پاوە ئەنجام دراوە.

لەڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەمە شەشەمین جار لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودایە کە ئیبراهیم فەتاحی و گەردە پوشەنده باوک و دایکی ئیحسان فەتاحی بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

لەبارەی دۆخی گشتی ئەو دوو هاووڵاتییەدا هاتووە: ئەوان لەسەرووی ٦٠ ساڵ تەمەنیانە و گیروودەی نەخۆشی \"دیسک کمر\" و \"تومور مغزی\"ـن.
هەروەها هێزە ئەمنییەکان لە لێپرسینەوەکانیان دەستیان داوەتە قسەی ناشیرین و پاڵیان بەو دوو بەساڵاچووە ناوە.

ئیحسان فەتاحی پێشتر بەهۆکاری دەستبەسەرکردنی لەڕادەبەدەر، بەناچاری لە خاکەلێوەی ١٣٩٤ وڵاتی بەجێهێشت.
ناوبراو دەرچووی زانکۆیە و چەندین پەرتووکی نووسیوە.