دایک و باوکی لفە سیانەیەک لە کەنگاوەر، بۆ بەخێوکردنی منداڵەکانیان داوای یارمەتی دەکەن

21:24 - 17 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: دایک و باوکی کورد لە شاری کەنگاوەر بەهۆی دەستکورتی و نەدارییەوە، روو لە ناوەندە حکوومەتییەکان داوای یارمەتی بۆ بەخێو کردنی منداڵەکانیان دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دایک و باوکێکی کوردی خەڵكی کەنگاوەر، کە سێ منداڵی لفی یەکترییان بووە، بەهۆی هەژاری و دەستکورتییەوە توانای بەخێو کردنی منداڵەکانیان نییە.

ئەو سێ منداڵە، کە تەمنەنیان ٦ مانگە، لە هەر مانگێکدا بڕی ٩٠٠ هەزار تمەن پارەی پووشاک و شیری وشکیان پێویستە.

مەیسەم عەبدولمەلیکی، باوکی ئەو سێ منداڵە رایگەیاندووە: \"پاییزی ساڵی رابردوو لە نامەیەکدا داوای یارمەتیم لە دەفتەری سەرکۆماری کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وڵامێکمان پێ نەدراوەتەوە\".

باوکی ئەو سێ منداڵە گوتووشیەتی: لەمانگی رەشەمەی ساڵی رابردوودا داوای یارمەتیشم لە فەرمانداری کرد، کە بۆ یارمەتیدانم حەواڵەی بێهداشتی شارەکەیان کردم و تەنیا چەند پاکەتێک شیری وشکیان پێدام، کە هیچکەس بۆ منداڵەکانی بەکاری ناهێنێت\".

شاری کەنگاوەر زیاتر لە ٨٢ هەزار کەس حەشیەمتی هەیە و لە ئوستانی کرماشان هەڵکەوتووە.

پێشتریش باوکێکی خەڵکی دێهلوڕان کە هاوسەرەکەی بە سکێک سێ منداڵی ببوو، بەهۆی دەستکورتی لەمەڕ دابین کردنی پێداویستیی ئەو سێ کچەی، داوای یارمەتیی لە ئیدارە پێوەندیدارەکان کردبوو.

بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە لە کاتێکدایە کە لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامی لە رێبەری ئەو حکوومەتەوە هەتا سەرۆکی دەزگای قەزاییەکەی، پێداگری لەسەر منداڵبوونی زیاتر دەکەن و کۆمەڵێک یاسایان لەو بارەیەوە پەسند کردووە.

پێدانی وامی درێژ ماوە و یارمەتیدان بۆ پەروەردەکردنی منداڵ لە باخچەی ساوایان و خزمەتگوزاریی بیمە، بەشێک لەو هەوڵانەن کە بۆ پەرەپێدان و زیاتربوونی حەشیمەت لە وڵاتی ئێراندا پەسند کراون.