\"داگیرکاری\" و تیرهاوێژیی پادگانی مەریوان هاووڵاتی‌یانی تووشی بێزاری کردووە

16:28 - 20 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: تێرهاوێژیی پادگانی ئامووزشیی سەربازی لە شاری مەریوان، کە بە مەودای یەک کیلۆمیتر لە شاری مەریوان دوورە، بێزاری هاووڵاتییانی ئەو شارەی لێکەوتۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی رابردوودا کە خولی ئاموزشیی سەربازی و هەروەها تێرهاوێژیی هێزە نیزامییەکان لە پادگانی شاری مەریوان بەڕێوەچووە، خەڵکی شاری مەریوان و بە تایبەت ئەو گەڕەکانەی کە لە پادگانی شارەکە نزیکن، تووشی بێزاری هاتوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، تێرهاوێژی و تەقەی بەردەوام لەو پادگانە، ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی شارەکەی لێکەوتۆتەوە و خوازیاری گواستنەوەوەی ناوەندی ئاموزشی سەربازی و تێرهاوێژی بۆ شوێنێکی دوور لە ناوشار بوون، بەڵام نەتەنیا داواکاریی خەلک وڵامی پێ‌نەدراوەتەوە، بەڵکوو لێپرسراوانی نیزامیی شارەکە چەندین هێکتار لە زەوی‌یە کشتوکاڵی و لێڕەوارەکانی نزیک ئەو پادگانەیان بۆ گەورە کردنەوەی پادگانەکە داگیر کردووە.

سەرچاوەکە گوتیشی، بەشێک لە لێڕەواری نزیک پادگانەکەش بە بیانووی گەورە کردنەوەی پادگانەکە خەریکە لەبەین دەبردرێن، کە ئەمە لەگەڵ ناڕەزایەتیی ژینگەپارێزانی شارەکە بەرەوڕوو بۆتەوە.

سەرجاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، لە چەند لایەکەوە بەبێ ئیزنی خاوەن زەوییەکان پەرژینی باخەکانیان تێکداوە و زیانی بەرچاوی بە وەرزێڕان گەیاندووە و لە چەندین شوێن لە نێوان خەڵک و هیزە نیزامییەکاندا شەڕ و ئاڵۆزی هاتۆتە ئاراوە و هاووڵاتییان داوای راگرتنی تێکدانی باخ و رەزەکانیان بوون و داوای قەرەبوویان کردووە.
\"19892.jpg\"

\"19893.jpg\"