داڕمانی خانووبەرە گیانی دایک و کچێکی سەردەشتی ستاند + وێنـــه

15:22 - 8 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی داڕمانی خانووبەرە لە یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی سەردەشت دوو هاووڵاتیی کورد گیانیان لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ بەرەبەیانیی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٨ی رێبەندان ژنێک بەناوی \"ئایشێ مەرجان\" هاوسەری عەلی حەسەن‌پوور هاوڕێ لەگەڵ کچە تەمەن ٢١ ساڵەکەی بەناوی شوکری حەسەن‌پوور، کە خەڵکی گوندی \"ئەسپەمێزە\"ی سەربە شاری سەردەشت بوون، بەهۆی داڕمانی خانووبەرەکەیانەوە گیانیان لەدەست دا.

\"18093.jpg\"
ئەو رووداوە کاتژمیر ٣و نیوی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بەهۆی باران بارینی لەڕادەبەدەر و هەرەسی گڵی ژێر خانووبەرەکەوە هاتۆتە ئاراوە.

هاوکات لەو رووداوەدا دوو کەچی دیکەی ئەو بنەمالەیە بەناوەکانی سنوور و سوورە بریندار بوون، کە یەکێک لەو بریندارانە لە نەخۆشخانەی شاری سەردەشت لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

دەگوترێت؛ تەرمی ئەو دوو کەسە پاش ئەوەی لە ژێر دارو پەردووی خانووبەرەکە هێندراونەتە دەرەوە، لە گوندەکەی خۆیان ئەسپەردەی خاک کراون.
\"18094.jpg\"