داوای پارە کردن لە قوتابیانی پیرانشار ناڕەزایەتی بنەماڵەکانی لێ کەوتەوە

20:27 - 7 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی قوتابخانەکانی شاری پیرانشار بە ناردنی فیشی \"دیاری\" بۆ قوتابخانە، لە بنەماڵەی قوتابییەکان داوای پارەی نەختیان کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەرپرسانی قوتابخانەکانی شاری پیرانشار داوای بڕی ٣٠٠ هەزار تەمەن لە قوتابیان دەکەن و ئەمەش ناڕەزایەتی بنەماڵەی قوتابیانی لێ کەوتووتەوە.

بنەماڵەی یەکێک لە قوتابیان بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"من کۆڵبەرم سنوورەکانیش داخراون و توانی دانی ئەو بڕە پارەیەم نییە\". بەرپرسانی قوتابخانەی پیرانشار لەژێر ناوی \"بەڕێوەبردنی گەڵاڵە و بەرنامەی بەهرەدار و چۆنایەتی بەشێک لە چالاکییەکانی ماڵ و قوتابخانە\" بە پاساو هێنانەوە بۆ قوتابیان داوای ئەو بڕە پارەیە دەکەن.

بەرپرسانی قوتابخانە بۆ وەرگرتنی پارەی نەختی لە قوتابیان، هەڕەشەیان لە قوتابیان کردووە، لە ئەگەری نەهێنانی ئەو بڕە پارەیە نمرەکانیان کەم دەکەن و لە قوتابخانە دەریان دەکەن.

بەپێی ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەوڵەت ئەرکدارە کە هەموو پێداویستییەکانی خوێندن بۆ هەموو خەڵکی ئێران بەبێ جیاوازی دابین بکات و پڕۆسەی خوێندن دەبێ بە بێ‌بەرانبەر و بەبێ وەرگرتنی پارە بێت.

بە وتەی چالاکانی فەرهەنگی، وتنەوەی بەردەوامی ئەو ڕستەیەی کە \"وەرگرتنی پارە لە قوتابیان نایاساییە\" لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە، وەکوو دروشمی لێهاتووە و وای کردووە کە لە نێوان بنەماڵەکان و لێپرسراوانی قوتابخانەکاندا کێشە و ئاڵۆزی دروست ببێت، ئەو چالاکانە لەو باوەڕەدان، پێویستە وەزارەتی پەروەردە بۆ خۆی سزای ئەو کەسانە بدات کە بە زۆرەملێ پارە لە قوتابیان دەستێنن.