داوای دەركردنی كونسووڵی توركیە لە هەرێمی كوردستان كراوە

14:27 - 12 بەفرانبار 2711
كوردپا: هێندێ‌لە ناوەندەكانی سیاسەتگوزاری دەرەوەی پارڵەمانی هەرێمی كوردستانی عێراق داواییان كردووە نوێنەری حكوومەتی توركیە لە هەرێمی كوردستان دەربكرێت.

ئەنجوومەنی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی پارڵەمانی هەرێمی كوردستان هاوكات لەگەڵ ئەوەی خوازیاری دەركردنی كونسوولی توركیە لەو هەرێمەدا بوون، داواشیان كرد گەمارۆ بخرێتە سەر كاڵای هەناردەكراوی وڵاتی توركیە بۆ كوردستان.

ماڵپەڕی \"سومریە نیوز\" بڵاوی كردەوە، ئەو ئەنجوومەنە وێڕای ئیدانە كردنی كوژرانی بە كۆمەڵی هاووڵاتیانی كوردی شرناخ، داواییان لە پارڵەمانی كوردستان كرد كە بە هەڵوێستێكی یەكگرتوو و بە نووسراوە گەمارۆ بخەنە سەر كەرتی ئابووری توركیە.

ئەندامێكی ئەنجوومەنی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی پارڵەمانی كوردستان رایگەیاندووە، دەبێ‌حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەمبەر سیاسەت و ئەو كردەوە كۆمەڵ كوژییەی ئەرتشی توركیەدا هەڵوێستی یەكپارچەی ببێت.

كاروان ساڵح وتیشی، سەرۆك وەزیری حكوومەتی توركیە بە شێوەیەك باس لە پرسی فەلەستین دەكات كە گویا بۆ خۆی مافی هەموو خەڵك و كەمینە نەتەوەكانی وڵاتی توركیەی دابین كردووە.

سەرچاوەكە لە زاری كاروان ساڵحەوە ئەوەشی خستە ڕوو،\"دەوڵەتی توركیە ئەو كوردانەی كە داوای مافە رەواكانیان دەكات بە تیرۆریست لە قەڵەم دەدات، بەڵام بۆ خۆی دزێوترین رەشەكوژی و كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدات\".