لە قوتابخانەیەکی شاری جوانڕۆ، پارەی زۆرەملێ لە قوتابییان وەردەگرن

10:18 - 10 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری جوانڕۆ، سەر بە پارێزگای کرماشان، داوایان لە قوتابییەکان کردووە کە هەر قوتابییەک بڕی ٥٠ هەزار تمەن پارە بهێنێت بۆ قوتابخانە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی ڕەزبەر، یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری جوانڕۆ، داوای لە قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە کردووە کە هەر قوتابییەک بڕی ٥٠ هەزار تەمەن لەگەڵ خۆیان بهێنن.

بەرپرسانی قوتابخانەی شاری جوانڕۆ بە قوتابییەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەو بڕە پارەیە تیچووی پارەی ئاو، کارەبا و گازی قوتابخانەیە و ئەم داواکارییەش ناڕەزایەتیی بنەماڵەی ئەو قوتابیانییەی لێکەوتووەتەوە.

لە ساڵانی ڕابردوو هەتا ئێستا لە زۆربەی قوتابخانەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەرپرسانی قوتابخانە بە زەبری هەڕەشەکردن و بێبەریکردن لە خوێندن، پارەیان لە قوتابییان وەرگرتووە.

بەپێی ئەسڵی ٣٠ لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەوڵەت ئەرکدارە کە هەموو پێداویستییەکانی خوێندن بۆ هەموو خەڵکی ئێران بەبێ جیاوازی دابین بکات و پرۆسەی خوێندن دەبێ بە بەلاش و بەبێ وەرگرتنی پارە بێت.