داواکاریی شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییە فەرهەنگییەکانی ئێران لە مامۆستایان

14:32 - 7 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییە فەرهەنگییەکانی ئێران به هۆی نەدانی مووچەی فەرهەنگییان، جارێکی دیکە داوای لە مامۆستایان کرد، کە مان بگرن.

شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییە فەرهەنگییەکانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، داوای لە مامۆستایان کردووە، کە بە هۆی نەدانی مووچە، لە ڕۆژانی ١٢، ١٣ و ١٤ی ئەم مانگە، خۆیان لە چوون بۆ سەر کلاسەکانی خوێندن ببوێرن.

لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ساڵانێکە فەرهەنگییان بە کەڵکوەرگرتن لە ڕێگای یاسایی هەوڵیان داوە، سیاسەتداڕێژان بەو قەناعەتە بگەێنن، کە بۆ دەستخستنی گەشەی هەرمان و گەشەی هەمەلایەنەی وڵات، پەروەردە و ڕاهێنان لە سەروی بەرنامەکان و بوودجەی خۆیان دابنێن، بەڵام لە لایەن بەرپرسانەوە هیچ وڵامێكیان پێ نەدراوەتەوە.

لەو پێوەندییەدا شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییە فەرهەنگییەکانی ئێران، لە ٦ خاڵدا، داوای لە مامۆستایانی سەرتاسەری ئێران کردووە، کە ڕۆژانی ١٢، ١٣ و ١٤ی ئەم مانگە، خۆیان لە چوون بۆ سەر کلاسەکانی خوێندن ببوێرن.
خاڵەکان بریتین لە:

١ـ ئازادیی چالاکانی سێنفیی فەرهەنگی و داخرانی هەموو دۆسییەکان لەو پێوەندییەدا.

٢ـ لابردنی سەرجەم بەربەستە یاساییەکان بۆ چالاکیی فەرمی و ئازادی فەرهەنگییان لە سەرتاسەری ئێراندا.

٣ـ دابینکردنی پشکی گونجاو لە بوودجەی ساڵی ٩٨دا بۆ بەشی پەروەردە و ڕاهێنان.

٤ـ یەکسانیی مووچەی خانەنشینکراوانی فەرهەنگی، لەگەڵ کەسە خاوەن کار و پیشەکان و بەرزکردنەوەی بۆ سەرووی هێڵی هەژاری.

٥ـ لابردنی گرێبەستی بیمەی ناکارامەی ئێستا و جێگۆڕینی لەگەڵ بیمەی کارا و وڵامدەر.

٦ـ ڕاگرتنی سیاسەتی بە پارەکردنی قوتابخانەکان و جێبەجێکردنی ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتی.

دەقی ئەو بەیانییە لە بەشی فارسی کوردپا دانراوە.