داواکاریی دوو زیندانیی سیاسی بۆ لێڕوانینەوە لە دۆسییەکەی محەممەد نەزەری

14:54 - 28 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: \"ڕەزا شەهابی\" و \"سەعید شێرزاد\" دوو زیندانیی سیاسی ڕەجایی‌شاری کەرەج نامەیەکیان لە بارەی دۆخی محەممەد نەزەری ڕوو لە دادستانی گشتیی ئێران بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ڕەزا شەهابی\" و \"سەعید شێرزاد\" لە نامەیەکدا بۆ دادستانی گشتیی ئێران داوایان کرد، کە لە هەمبەر دۆخی جەستەیی محەممەد نەزەری زیندانیی سیاسی لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج بێ هەڵوێست نەبێت.

لەو نامەیەدا هاتووە، محەممەد نەزەری ئێستا لە دۆخێکی نالەباری جەستەیی دایە، بە جۆرێک کە هێزی قسە کردن و ڕێگا ڕۆیشتنی نەماوە و زیاتر لە ٢٥ کیلۆ کێشی خۆی لە دەست داوە و زیندوو بوونی کەتووەتە مەترسیەوە.

دەقی نامەکە کە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە:

نامەی ڕەزا شەهابی و سەعید شێرزاد لەبارەی دۆخی محەممەد نەزەری

بەڕێز محەممەد مونتەزیری، دادستانی گشتیی وڵات

وێڕای سڵاو


ئەمرۆ ٨١ ڕۆژ لە مانگرتنی محەممەد نەزەری تێپەڕ دەبێت. مانگرتنێک کە هۆکارەکەی بۆ پێڕانەگەیشتن بە پەروەندەکەی و جێبەجێ نەکردنی یاسای سزادانی ئیسلامی پەسندکراوی ساڵی ٩٢ دەگەڕێتەوە کە بەپێی ئەو یاسایە دەبێ ناوبرا ئازاد بکرێت، هەر بۆیە محەممەد نەزەری لە ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژی ئەمساڵەوە دەستی دایە مانگرتن.

محەممەد نەزەری ماوەی ٢٤ ساڵە لە زیندان دایە و تەنانەت یەک ڕۆژیش مەرەخەسی پێ نەدراوە و بەپێی ماددەی ١٨٦ی یاسای سزا دانی ئیسلامیی پێشوو بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا لە ڕێگای هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەتا بە ئێعدام مەحکووم کرا و دواتر سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

محەممەد نەزەری ئێستە لە دۆخێکی نالەباری جەستەیی دایە بە جۆرێک کە هێزی قسە کردن و ڕێگا ڕۆیشتنی نەماوە و زیاتر لە ٢٥ کیلۆ کێشی خۆی لە دەست داوە و زیندوومانی کەوتووەتە مەترسیەوە.

ئێمە وەک هاوبەندییەکانی محەممەد نەزەری داوا لە ئێوە دەکەین، کە پێش ئەوەیکە ڕووداوێکی دڵتەزێن ڕوو بدات، لێڕوانینەوەیەک لە پەروەندەی ناوبرا بکەن.

ڕەزا شەهابی
سەعید شێرزاد

٢٦ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی
زیندانی گەوهەردەشت

*دەقی گشتیی ئەو نامەیە لە بەشی \"فارسی ئاژانسی کوردپا\" دانراوە*