داواکاری بۆ پێداچوونەوە بە حوکمی ڕامین حوسێن‌پەناهی ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کرا

22:07 - 1 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: داوا لە دیوانی باڵای وڵات کراوە کە دووبارە پێداچوونەوە بە حوکمی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی کورد، بکرێت.

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئێعدام، داوای لە دیوانی باڵای وڵات کرد کە پێداچوونە بە حوکمی ڕامین حوسێن پەناهی‌دا بکات.

ئەو پارێزەرە پلە یەکەی دادگوستەری لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"ئیسنا\" ڕایگەیاند: \"ئەو داواکاریە مافێکی سروشتی و یاسایی بریگرتەکەمە و بە پشتبەستن بە بەندەکانی ج و چ ماددەی ٤٧٤ لە یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری، کە پێکهاتووە لە شەش لاپەڕە و دوو بەشی ایرادات شكلی و ماهوی\" پێشکەش بە بەڕێوەبەری دیوانی باڵای وڵات کراوە\".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: \"هیواخوازە دادوەرەانی تێگەیشتوو و بیرمەندەکانی دیوانی باڵای وڵاتی ئێران بە وردبوونەوە لە هۆکار و بەڵگە یاساییەکان، حوکمی \"بغی\"ـی ڕامین هەڵوەشێننەوە\".

حوسین ئەحمەدی‌نیاز، باسی لەوەش کردووە کە ڕامین مافی \"\"نقض دادنامه معترض عنه\"\"ـی هەیە. بە پشتبەستن بە ئەسڵەکانی ٣٤، ٢٧ و ٣٨ و هەروەها ماددەی ٤٧٦ی یاسایی دادڕەسیی کەیفەری، داوای هەڵوەشاندنەوەی گشتیی حوکمی ڕامینی کردووە.

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوە لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات لە شاری قوم، حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی پشتڕاست کرایەوە.

ڕامین حوسێن‌پەناهی، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕ، لە شەڕ و تێکەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە، بە سەختی بریندار بوو و لە لایەن هێزەکانی سپاوە دەسبەسەر کرا و پێشتریش حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری پلەی یەکی دادگوستەری و پارێزەری دۆسییەی ڕامین حوسێن‌پەناهی، بە ئاماژەکردن بە دەرکردنی حوکمی ئێعدامی ڕامین، لە وتووێژێکی کورتدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: \"ڕامین حوسێن‌پەناهی بە تاوانی \"بغی\" و ئەندامبوون لە کۆمەڵە بە ئێعدام بە سێدارە لە حەوشی زیندانی سنە مەحکووم کراوە\".