داوا دەکرێ کونسوولی ئێران لە شاری سلێمانی دابخرێت

13:35 - 29 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای بێڕێزیی کونسولخانەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری سلێمانی بە زمان و مێژووی نەتەوەی کورد، چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد بە شێوەیەکی بەرین هەڵوێستیان نواند.

لە رۆژانی رابردوودا بە سەدان کەس لە هاووڵاتییانی کوردستان بە وەڕێ خستنی \"کەمپەینی کۆنسوولی ئێران لە سلێمانی دابخڕیت\" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، داوای داخستنی کونسوڵی ئێران لە سلێمانی دەکەن.

هەروەها رۆژی سێشەممەی حەفتەی رابردوو سەرکونسولی گشتیی ئێران لە شاری هەولێر، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەو سووکایەتییەی کونسوولخانەی حکوومەتی ئێرانیان لە هەرێمی کوردستان بانگهێشت کرد و داوای روونکردنەوەیان لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کردبوو.

دەقی نامەی کەمپەینەکەیە، کە نوسخەیەکی بۆ ماڵپەڕی کوردپا نێردراوە، لێرەدا وەک خۆی بڵاو دەکریتەوە:

خەڵکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەری کوردستان لەو رۆژانەی رابردوودا کونسوولی ئیسلامیی ئێران لە شاری سلێمانی لە وتارێکدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکوومەتی ھەرێم دەکات. لەو وتارەدا، سەرکوونسوولەکەی ئێران، بە رواڵەت بە بەژن و باڵای میللەتی کورد بەتایبەتی شۆڕشی کورد لە باشووری کوردستان ھەڵدەڵێ، بەڵام ئەو دەستە بەرواڵەت ھەنگوینییە لە بنەوە ژەھرێکی کوشندەی پێوەیە، و بە کەیفی دڵی خۆی لەبن ئەو پێداھەڵگوتنە گەوج خەڵەتێنەیەدا پەلاماری کۆماری کوردستان دەدات و کۆمار بە حکوومەتێکی چەندرۆژەی کۆمۆنیسیتی لەقەڵەم دەدات و زمانی کوردییش بە شێوەزارێکی فارسی ناو دەبات و دەشڵێت کورد نەتەوە نییە و ئەوە حیزبەکانی رۆژھەڵاتن خەریکن چەمکی بێ بنەما و پووچی نەتەوە دەکەنە بەشێک لە ئارەزووی خەڵکی ھەرێم. 

لەگەڵ ئەوەی ئێمە ئەو نووسراوەیەی کونسووڵی کۆماری ئیسلامی لە سلێمانی بە دەستێوەردان لە ھەرێمی کوردستان و لەھەمان کاتیشدا بە مەترسیی بۆ سەر یەکیەتی نەتەوەییمان و نانەوەی ئاژاوە لە نێوان باشوور و رۆژھەڵاتی کوردستانی دەزانین و داوای ھەڵوێستی رەسمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین.

ھەروەھا رایدەگەیەنین کۆنسوولی ئێران لە سلێمانی پەیوەندی نزیکی لەگەڵ یەکیەتی نیشیمانیی کورستان ھەیە و بۆیە داوا دەکەین سەرکردایەتیی یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان روونکردنەوە بدات، کە بۆچی قەبووڵیان کردووە سووکایەتی بە زمان و نەتەوەوە و مێژوومان بکرێ، پێویستە ھەموومان یەکدەنگ داوای داخستنی ئەو کونسوولگەرییە لە باشووری کوردستان بکەین و پێداگریش بین لەسەر ئەوەی کونسوولی کۆماری ئیسلامی دەبێ داوای لێبوردن بکات.