داهێنانی قوتابییەکی کورد لە بواری ئەندازیاریی ڕۆبۆتیکدا

15:42 - 6 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: قوتابییەکی کوردی خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆباتێکی نوێی دروست کردووە کە چاوەڕێ دەکرێت لە \"جەشنوارەی خارەزمی\" نمایش بکرێت.

\"ڕزگار بەراربەیگی\" قوتابی پۆلی نۆیەم، ڕۆباتێکی ماشینی دروست کردووە کە دەتوانێ زۆر بە ئاسانی بەرزی و نزمییەکان تێپەڕێنێت و لە ڕێگەی دوورەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم ڕۆباتە کێشی کەم و قەبارەی بچووکیەتی کە بەو هۆیەوە دەتوانێ لە شوێنە سەختەکان بۆ وێنە کاولکارییەکانی پاش بومەلەرزە یان کون و کەلەبەری نێو ئەشکەوتەکان، کە مرۆڤ ناتوانێ تێیدا بگەڕێ هاتوچۆ بکات.

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم داهێنانە، ڕاگرتنی باڵانسی کێشە، کە دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی لە کاتی کەوتندا خەساری پێ‏نەگات و درێژە بە مەئمورییەتەکەی بدات.

ماوەیەک پێش ئێستاش فەرهاد سلێمانی خەڵکی ئابدانانی ئیلام، بۆ یەکەم جار کەرەستەیەکی پزیشکیی بە ناوی \"ئاتێل وکیوم\" داهێنا کە لە بواری پزیشیکدا کەڵكی لێ وەردەگیرێت و لە ئیدارەی داهێنانەکانی ئێراندا تۆمار کرا؛ هەروەها پەیمان بەیگ‌محەممەدی، داهێنەری گەنجی ئیلامی، توانی لە کێبڕکێ جیهانییەکانی داهێنان‏دا کە لە ژنێڤ لە وڵاتی سووئیس بەڕێوە چوو، خەڵاتی زێڕ بۆخۆی مسۆگەر بکات.