دانمارک؛ دادگا بڕیاری دەسبەسەریی یەک مانگەی بۆ پەناخوازێکی کورد دەر کرد

12:56 - 13 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی هەینی ١٢ی خاکەلێوە دادگای "هێلروود"ی دانمارک حوکمی دەسبەسەریی یەک مانگەی بۆ پەناخوازێکی کورد بە ناوی "قەدەمخێر حەقانیزادە" دەر کرد.

"سیرووس عەزیزی‌زادە" هاوژینی "قەدەمخێرحەقانی‌زادە" لەو پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "دادوەری دادگا ڕایگەیاندووە کە هاوژینەکەی هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەندامانی بنەماڵەکەی بۆ دیپۆرتکردنەوەیان بۆ ئێران، دەبێ لەلای پۆلیسی وڵاتی دانمارک بمێنێتەوە".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: "سەرەڕای ئەوەیکە خەڵکی دانمارک بەنیسبەت ئەو پرسەیە دژکردەوەی توندیان نیشان داوە، بەڵام دەیانهەوێت بنەماڵەکەم دیپۆرت بکەنەوە".

ڕۆژی سێشەممە ٩ی خاکەلێوە، "قەدەمخێر حەقانی‌زادە" پاش ٦ ساڵ نیشتەجێبوون لە وڵاتی دانمارک، بەهۆی ڕەتکردنەوەی داخوازیی پەنابەرییەکەی لەلایەن مەئموورانی دەوڵەتی ئەو وڵاتەوە بە شێوەی نەشیاو لە هاوژینەکەی و منداڵە یەکساڵەکەی جیا کرایەوە و لەگەڵ دوو منداڵی دیکەی بۆ فڕۆکەخانەی کۆپێنهاگ ڕاگوێزران.

ئەو پەناخوازە لەگەڵ دوو منداڵەکەی بە فڕۆکە بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ ئێران ڕەوانەی ئیستامبوڵ کران و دواتر بەهۆی ملنەدان و خوێنبەربوونی توند لە ئاکامی هەوڵی لەخۆدان (خودزنی)، پاش چەند کاتژمێر گەڕێندرانەوە وڵاتی دانمارک.

قەدەمخێر حەقانی‌زادە و بنەماڵەکەی خەڵکی شاری سەرپێڵی‌زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشانن و مانگی سێبتامبری ساڵی ٢٠١٥ لە دەوڵەتی دانمارک داخوازیی پەنابەریی سیاسییان کردبوو کە پاش ٦ ساڵ نیشتەجێبوون لەو وڵاتە داخوازییەکەیان ڕەت کرابووەوە.