دانرانی پەیکەری شاعیرێکی کورد لە خۆراسان + وێنـــە

19:21 - 7 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: پەیکە‌ری یەکێک لە شاعیرە ناسراوەکانی کوردی خۆراسان، لە گۆڕەپانێکی شاری \"شێروان\"ی سەربە پارێزگای خۆراسانی باکور، دانرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٤ی رەشەممە، بە بەشداری کۆمەڵیک لە هونەرمەندان و ئۆگرانی و فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی کرمانجی، پەیکەری ٣ میتریی \"جەعفەر قولی زەنگەنە\" لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی شاری شێروان دانرا.

\"11268.jpg\"
پەیکەری ئەو شاعیرە کوردە لەلایەن پەیکەرتاشی لاو \"عەقیل ئەسلی\" و لە ماوەی ٦ مانگدا دروست کراوە.

جەعفەر قولی زەنگەنە ناسراو بە \"جەعفەری کورد\" یەکێک لە شاعیرانی کورمانجیی سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی قاجارییەکان بووە و دیوانێکی بەناوی \"شێعری عارفانەی جەعفەر قولی زەنگەنە\" لەلایەن \"کەلیموڵڵا تەوحیدی\"یەوە کۆکراوەتەوە.

رۆژی ١٥ی بانەمەڕ بەناوی \"جەعفەر قولی زەنگەنە\"ـەوە ناو نراوە و لەم رۆژەدا کوردەکانی خۆراسان هەموو ساڵیک لە شوێنی لە دایکبوونی \"جەعفەر قولی\" لە شاری گورگان کۆ دەبنەوە و یادی ئەو شاعیرە بەرز رادەگرن.