دانانی پەیکەری مەولەویی کورد لە ئیسلام ئابادی غەرب بە چاندنی تۆوی دووبەرەکی لێک ئەدرێتەوە

20:43 - 17 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: ناوەندی ئەمنیەتیی شۆرای تەئمینی ئەمنییەتی شاری ئیسلام ئابادی غەرب لە ئوستانی کرماشان رێگری لەدانانی پەیکەری مەوڵەویی کورد لەو شارە کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بەوتەی یەکێک لە چالاکانی فەرهەنگیی ئیسلام ئابادی غەرب؛ لە کاتێکدا لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکاندا ئیزنی ئەوەمان پێدرا کە پەیکەرەی مەولەویی کورد لە یەکێک لە شوێنە گشتییەکان دابنێین، شۆرای تەئمینی شاری ئیسلام ئابادی غەرب بە مەبەستی دووبەرەکی نانەوە لە نێوان هاووڵاتییانی کوردی سوننی و شیعە مەزهەبی کورد، رێگریی لە دانانی ئەو پەیکەرە کرد.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە گوتیشی؛ \"لەکاتێکدا بڕیار بوو پەیکەری مەولەویی کورد لە بلواری \"نەجەفی\"ی شاری ئیسلام ئاباد دابندرێت، شۆرای تەئمین بە بیانووی ئەوەی کە مەولەویی کورد کەسیکی سوننی مەزهەب بووە، رێگری لە دانانی پەیکەری ئەو شاعیرە کوردە کرد\".

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە دواتر شۆرای تەئمین بە بیانووی ئەوەی کە مەولەویی کورد لەنێو خەڵکی ئیسلام ئاباد پێگەیەکی ئەوتۆی نییە، ئەو ئیدیعایە لەحاڵێک دایە کە بەپێی ئاماری کتێبخانەکانی شاری ئیسلام ئاباد لەماوەی ٥ ساڵی رابردووەوە هەتا ئێستا ٦٠٠٠ بەرگ لە دیوانی مەولەویی کورد فرۆشراوە\".

ئەو چالاکە فەرهەنگیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، باسی لەوەش کرد، ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد و شارەوانی شاری ئیسلام ئاباد بەهۆی ئەوە کە لەبەرەبەری هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا بوو، ئیزنی ئەو کارەیاندا، بەڵام دواتر گوتیان کە دانانی ئەو پەیکەرە دەبێ بە تەئیدی شۆرای تەئمینی ئەمنییەت بێت.

بڕیار و هەڵوێستی شۆرای تەئمینی ئەمنییەتی ئیسلام ئاباد حاڵێک دایە کە حەسەن رۆحانی لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە رایگەیاندبوو کە دەبێ حەوزەی فەرهەنگ و ئەمنییەت لە یەکتر جیا بکرێنەوە.

شاری ئیسلام ئاباد ١٢٠ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە و تێکرای دانیشتوانەکەی هاووڵاتییانی کورد پێکی دێنن کە بە دووەمین شاری گەورەی ئوستانی کرماشان دادەنرێت.