دانانی هێمای "هێڵی سوور" لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان

14:14 - 21 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە مەودای ١ کیلۆمیتر دوور لە سنوورەکانی مەریوان هێمای تێپەڕ بوون لە \"هێڵی سوور\"یان دامەزراند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی چەند رۆژ پێش ئێستا هێزە نیزامییەکانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بەناوی ناوچەی قەدەغە کراوەوە بە مەودای ١ کیلۆمیتر دوور لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان، لە چەندین شوێن هێمای تێپەڕ بوون لە هێڵی سووریان دامەزراندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هێزە نیزامییەکان بە هاووڵاتییانی سەر سنوورەکانیان راگەیاندووە کە لە ئەگەری نزیک بوونەوەیان لە ناوچە قەدەغە کراوەکان تەقەیان لێدەکرێ و بەرپرسیارەتی ئەو کارە دەکەوێتە ئەستۆی خۆیان.

\"10666.jpg\"
١ کیلۆمیتر دوور لە سنوورەکانی مەریوان هێمای تێپەڕ بوون لە \"هێڵی سوور\"
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: دامەزراندنی ئەو هێمایانە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە تەنیا بەمەبەستی تەقە کردن لە هاووڵاتیان و بەپرسیار نەبوون لەهەمبەر ئەو کارەی خۆیان دایە.

پێشتریش هێزە نیزامییەکان لە بڕیارنامەیەکدا بە هاووڵاتیان و کۆڵبەرانی سەر سنوورەکانیان راگەیاندبوو کە لە ئەگەری نزیک بوونەوە دەدرێنە بەر دەستڕێژ و حکوومەت هیچ بەرپرسیارەتییەک بە ئەستۆ ناگرێت.

ئەوە لە حاڵێك دایە كە بەشێك لە خەڵكی ئەو گوندانە بژێوی ژیانیان لە رێگای كۆڵبەریی لەو سنوورانە دابین دەكەن و هاوكات لە بەشێكی دیكە لە هاووڵاتیان لەو ناوچەدا سەرقاڵی ئاژەڵدارین و بەو هۆیەوە ناتوانن لەو شوێنانە ئاژەڵداری بكەن و ئەوەش لە کاتێک دایە کاسبی کردن لە سنوورەکان تاکە سەرچاوەی داهاتی هاووڵاتییان و دانیشتوانی ئەو گوندانە دێتە ئەژمار.

سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو لە شاری مەریوانەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند،ناوەندەکانی بەسیجی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران رایانگەیاندووە، کە هەر هاووڵاتییەک لە ناوەندەکانی بەسیج ناونووسی بکات، بڕی ١٠ هەتا ٥٠ میلیۆن تمەن وامی پێ دەدرێت و گوتووشیانە کە ئەم کارە تەنیا بەمەبەستی قەرەبوو کردنەوەی بێکاریی هاووڵاتییانە.