دانانی ناوە کوردییەکان لە سەر ناوی منداڵان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات

14:49 - 24 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: گرینگی دان بە ناوە کوردییەکان لە لایەن هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات خەریکە ڕێکوردی ناوە عەربییەکان و فارسییەکان دەشکێنێ.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، بەپێی ئاماری ناوەندی تۆماری باری کەسییەتی لە سەرەتای شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵەوە، لە شاری مەهاباد، هاووڵاتییانی ئەو شارە زۆرتر لە ناوە کوردییەکان کەڵکیان وەرگرتووە.

ماڵپەڕی هاژە لەو باریەوە بڵاوی کردەوە، لە نێوان چوار ناودا بۆ کوڕان و کچان، ناوە کوردییەکان خەریکە ڕێکۆردی ناوە عەرەبی و فارسیەکان دەشکێنێ.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی تۆمارکردنی باری کەسیەتی، هەرچەند ناوی محەممەد بە ١٤٤ ناو لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا پلەی یەکەمی هەیە، بەڵام ناوەکانی ئاژوان، ماهان و سامیار لە پلەکانی دووهەم هەتا چوارەم دایە و خەریکە شوێنی ناوە غەیرە کوردییەکان دەگرێتەوە.

هەروەها لە کچانیش ناوەکانی، ئاوان، نیان، باوان و ئاڵا زۆرترین ئاماری ناوی کچان لەو شارە بووە.

پاش بە دەسەڵات گەیشتنی حکوومەتی حەمە ڕەزا شا و دواتر حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و قەدەغە کردنی ناوە کوردییەکان لە ئیدارەکانی حکوومەتی لە پارێزگا کوردنشینەکان، هاووڵاتییان کورد بۆ منداڵەکانیان لە ناوە کوردییەکان کەڵک وەردەگرن.