دانانی بارمتە بۆ ئازادکردنی باوک و دایکی یەکێک لە چالاکانی سیاسی

20:52 - 30 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: دایک و باوکی یەکێک لە چالاکانی سیاسی، کە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوە دەستبەسەر کرابوون، ئەو ئیدارەیه بۆ ئازادکردنیان داوای بارمتەی چەند سەد میلیۆن تەمەنی دەکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوە، دایک و باوکی ئیحسان فەتاحی وەکوو بارمتە بۆ هێنانەوەی کوڕەکەیان، کە پەڕیوەی یەکێک لە وڵاتانی ئۆرووپایی بووە، دەستبەسەر کردەوە و ئێستا بۆ ئازادکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە بە ساڵاچووانەدا، داوای بڕی ٣٢٠ میلیۆن تەمەن دەکات بۆ ئازاد کردنیان.

شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بە ناوی ئیبراهیم فەتاحی و گەردە پووشەند ڕاگەیەنراوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە ناوەڕاستی مانگی پووشپەرەوە لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی شاری پاوەوە دەستبەسەر کرابوون.

باوک و دایکی ئەو چالاکە سیاسییە، تەمەنیان لە سەرووی ٦٠ ساڵە و گیروودەی نەخۆشی \"دیسک کمر\" و \"تومور مغزی\"ـن.

ئیحسان فەتاحی ڕۆژنامەنووس و چالاکای سیاسی بە هۆی گوشار و دەستبەسەرکردنە بەردەوامەکانی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، بە ناچاری لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی زێدی خۆی بە جێهێشت.

فەتاحی کە ماوەی ١٧ مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان دەستبەسەر کرابوو بە دانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بارمتەی ئازادکردنی فەتاحی باغێکی سێ هێکتاری بووه کە لە لایەن دادگاوە دەستی بە سەر داگیراوە.