دانا لەنجاوایی، چالاکی خوێندکاریی کورد بۆ ئیتلاعاتی سنە گوازراوەتەوە

12:26 - 13 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: دانا لەنج ئاوایی چالاکی خوێندکاری و مەدەنیی دانیشتووی شاری مەریوان، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە ولێپرسینەوە، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە راگوێزراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە دوایین بە دواداچوونی بنەماڵەی ناوبراو، پێیان راگەیاندراوە، کە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو کوڕەکەتان گوازراوەتەوە بۆ سنە و تەنانەت لە لایەن ئیتلاعاتی سنەشەوە بڕیاری دەستبەسەر کرانی دەرچووە.

ئەو چالاکە خوێندکاری و مافی مرۆڤییە، ڕۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی ڕێبەندانی ٩٢ لە مەیدان باوەڕەشی، شوێنی کاری ناوبراو، لە لایەن چەند مەئموورێکی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە ماشێنێکی مودێل تویوتا دەستبەسەر کرا.

\"18140.jpg\"
هەتا ئێستا بنەماڵەی دانا لەنجاوایی هیچ هەواڵێکیان لەچارەنووسی رۆڵەکەیان نییە
دانا لەنج ئاوایی لە چالاکانی خوێندکاریی زانستگای پەیام نووری مەریوانە کە لە ساڵی ٩١دا بە هۆی چالاکییەکانی، بۆ زانستگای پەیام نووری سنە دوور خرایەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە دانا پێشتریش لە ساڵی ٨٨دا بە هۆی ناڕەزایەتی خوێندکاران بە سزای سێدارەی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێکانی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستبەسەر کرا و لە دادگای مەریواندا بە یەک ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو سزا درا.

دانا لەنج ئاوایی وێڕای چالاکییە خوێندکارییەکانی، ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانە و هاوکات لەگەل زۆربەی ئەنجومەن و ناوەندە خەڵکییەکانی شاری مەریوان هاوکاری هەیەو لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بە شێوەی تەلەفوونی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە و چەندین جاریش لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، هەڕەشە و لێپرسینەوەی لێکراوە.