دانا لەنج ئابادی پاش بانگهێشت کردنی بۆ دادگا دەستبەسەر کرا

13:23 - 19 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری مەریوان پاش بانگهێشت کردنی چالاکێکی مەدەنی، بۆ ماوەیەکی کاتی ئەو هاووڵاتییەی دەستبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوێنێ شەممە ١٨ی بەفرانبار، دانا لەنج ئابادی کوڕی ڕەحمان یەکێک لە چالاکانی شاری مەریوان بە دانی بارمتە(پسوولەی یارمەتی فەرمانبەرانی دەوڵەتی) ئازاد کرا.

ناوبراو لەلایەن لقی یەکی بریکاری دادستانی دادگای ئینقلابی شاری مەریوان بە تۆمەتی\"پروپاگەندە دژی نیزام\"تاوانبار کراوە.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە؛ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان ئەو چالاکە خوێندکارەی لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکیی کەمپینی\"نا بۆ تانکێری مەرگ\"بانگهێشت و دەستبەسەر کردووە.

دانالەنج ئابادی سێهەمین چالاکی مەدەنیی شاری مەریوان بە ئەژمار دێت کە لە پرۆسەی ناڕەزایەتی بە جادە ڕووداوخێزەکانی کوردستان بانگهێشتی دادگا دەکرێت. پێشتریش هەر کام لە ئارام فەتحی و سامان کەریمی دەستبەسەر و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی پێشووتری ئاژانسی کوردپا، دانا لەنج ئابادی کە ماوەیەک پێش لە زیندان ئازاد کرابوو، لە دوو بڕگەی جیاجیای دادگایی کردنیدا بۆ ماوەی ٢٨ مانگ لە زینداندا بووە.

ناوبراو لە کاتی زیندانی کردنیدا، گوازرایەوە بۆ دادگای شاری مەریوان و لەوێ حوکمی لێدانی ٥٠ قامچی لەسەر ئەو چالاکە مەدەنییە جێبەجێ کرا.

دانا لەنج ئابادی ٥ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٢ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە گوێزرایەوە و پاش مانگێک ڕاگرتنی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ٧ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بۆ زیندانی مەریوان گوازرایەوە.

پێشتریش دانا لەنج ئابادی لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ٨٩دا، لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری مەریوانەوە بە هۆی چالاکی خوێندکاری و فەرهەنگی بە پێنج ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرابوو.