دامەزراوە ئیتلاعاتییەکان لە سنە دەستیان بەسەر مڵکی گشتیدا گرتووە

15:53 - 24 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: مڵکی ستادی فەرماندەیی هێزی ئینتزامی پارێزگای سنە بە گوشاری فەرمانداری ئەو کاتی سنە ڕادەستی ئەم ئۆرگانە حکومەتییە کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مڵکی ستادی فەرماندەیی هێزی ئینتزامی پارێزگای سنە بە گوشاری فەرمانداری ئەو کاتی سنە و پەسندکرانی لەلایەن ئەندامانی شۆرای شار بەبێ بەرامبەر ڕادەستی ئەم دامەزراوە حکوومەتییە کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندووە: پلاکی ٢٨٢٨ بەشێکی سەرەکی لە مڵکی شارەداری سنە بووە کە تایبەت کرابوو بە شوێنی حەوانەوەی خەڵک بەڵام بە هاتنی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە پاش فەرمانی جیهادی خومەینی دەستی بەسەردا گیرا و ڕادەستی هێزە ئەمنیەتییەکان کرا و بوو بە شوێنی سەرکووتی خەڵک.

ئەم سەرچاوە وتوویشیەتی: شارەداری سنە لەو کاتەدا بە سکاڵاکردن لەم داگیرکارییە خوازیاری گەڕانەوەی شکۆی شارەداری و ڕادەست کردنەوەی ئەم مڵکە بوون بەڵام بە گوشاری فەرماندار و شۆرای شار بە بێ هیچ قەرەبووکردنەوەیەک ڕادەستی هێزی ئینتزامی کرا.

ئەم سەرچاوەیە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت دەشڵێت: ئەمە تەنیا مڵکی داگیرکراو لە شاری سنە نییە بەڵکوو زۆر شوێنی دیکەی لەم چەشنەش بوونیان هەیە کە لە ئەساسدا مڵکی گشتی و خەڵکییە بەڵام لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە بۆ ئامانجی تایبەتی خۆیان دەستی بەسەردا گیراوە؛ تەنانەت بینای ئیدارەی گشتی بازڕەسی پارێزگای سنە کە بۆ فەزا سەوزی پارکی IT دانرابوو بە کەڵکوەرگرتن لە کۆمیسیۆنی ماددەی ٥ی شارسازی ئیدارەی ڕێگە و شارسازی دەستی بەسەردا گیرا و بوو بە شوێنێکی ئیداری حکوومەتی.

بەوتەی ئەم سەرچاوەیە شۆرای شاری سنە کە وەکوو چاوەدێری شارەداری دیاری کراوە، بەهۆی گەندەڵی ماڵییەوە ناتوانێ چاوەدێری بەسەر مڵکەکانیدا بکات.