دامپزیشکیی بیجاڕ بە بڵاوکردنەوەی نەخۆشیی تەبی ماڵت تۆمەتبار کرا

20:00 - 14 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: ناوەندێکی بێهداشتی و دەرمانی لە کوردستان، وەکوو پەرە پێدەر و بڵاوکەرەوەی نەخۆشیی تەبی ماڵت، تۆمەتبار کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تەبی ماڵت لە شارستانی بیجاڕ، دانیشتنی هاوبەشی فەرمانداری و کوشتارگای ئە شارەی لێکەوتەوە و پێداگری لەسەر بێهداشتی زیاتر لە کوشتارگادا کرایەوە.

لەو دانیشتنی ئەمڕۆیاندا، بەرپرسی بێهداشت و دەرمانی شارستانی بیجاڕ رایەگەیاندووە؛ \"نەبوونی واکسیناسیۆنی کامڵ\" لەلایەن \"دامپزیشکییەوە، یەکێک هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تەبی ماڵت بووە.

نەبوونی \"ئایتم\"ی بێهداشتی لە کوشتارگای بیجاڕدا، لەلایەن نەبیوڵڵا مەهدەویانەوە هاتۆتە گۆڕێ و ناوبراو بە هەواڵدەریی \"تەسنیم\"ی راگەیاندووە؛ شارەوانی وەکوو بەرپرسی یەکەمی کوشتارگا بۆ درێژەدان بە چالاکییەکەی، دەبێ کوشتارگا هەتا ئاستی ناوەندێکی نیوە سەنعەتی پەرەی پێ بدرێت و نابێ چیدیکە گیانی هاووڵاتییان بکەوێتە مەترسییەوە.

ناوبراو ئاماری توشبوانی بە نەخۆشیی تەبی ماڵتی بە جێگەی نیگەرانی وەسف کردووە، بەڵام لە خستنەڕووی وردەکاریی زیاتر لەو بارەیەوە خۆی بواردووە.

بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تەبی ماڵت، کە بە نەخۆشیی \"هزار چهرە\"ش ناسراوە، نەخۆشییەکی هاوبەشی نێوان ئینسان و ئاژەڵە، کە گرینگترین نیشانەی ئەو نەخۆشییە؛ تاوی نێوان ٣٨ هەتا ٤٠ پلەی گەرمیدایە و دەبێتە هۆی ئەویەکە ئەو کەسە تووشی لەرز ببێت.

ماوەیەک پێش ئیستاش هەواڵدەریی ئیلنا بڵاوی کردەوە، کە زیاتر لە ٧٢ گوندی دەوروبەری کرماشان بەهۆی بێ ئیمکاناتییەوە لەمەر فڕێدانی پاشماوەی مەڕو ماڵاتەکەیان، تووشی نەخۆشیی تەبی ماڵت بوونە.