دالاهۆ؛ کوژرانی ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵ لەلایەن مێردەکەیەوە

10:53 - 29 پووشپەڕ 2722

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی پووشپەڕ، ژنێک بە ناوی "گوڵجەمین نەجەفی" تەمەن ٥٠ ساڵ کچی عەبدوڵڵا خەڵکی بەخشی گاوارەی شاری داڵاهۆ، بە شێوەیەکی دڵتەزێن لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.

یەکێک لە نزیکانی گوڵجەمین نەجەفی لەو بارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: "ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٨ی پووشپەڕ، گوڵجەمین نەجەفی لەلایەن مێردەکەیەوە بە ناوی عەلی ئاقا ڕەزایی، به هۆی نەبوونی ئاو لە ماڵ ئازار و ئەشکەنجە دراوە و هاوژینەکەی کاتژمێر ١ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی پووشپەڕ، گیانی لەدەست داوە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: "گوڵجەمین نەجەفی ٣٤ ساڵ پێش بە خواستی خۆی لەگەڵ عەلی ئاقا ڕەزایی ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە و هەمیشە لەگەڵ هاوژینەکەی بەهۆی ئەوەیکە ژنەکەی منداڵی کوڕی نابێت پێکەوە کێشەیان هەبووە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: "عەلی ئاقا ڕەزایی پاش کوژرانی گوڵجەمین، تەرمی ئەو ژنەی لە دوو کیلۆمێتریی گوندەکەیان، شوێنی ژیانی ئەو ژنە بردووەتە دەرەوە و لە جادەی گوندی بانی بید بە شانۆسازی بە ماشینی شەخسی چووەتە سەر تەرمەکەی و دواتر ڕایگەیاندووە کە ژنەکەی بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ، گیانی لەدەست داوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "پاش شانۆسازیی کوژرانی ئەو ژنە، پۆلیسی هاتوچۆ و کارناسی ناوەندە پەیوەندیدارەکان لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادە بوون و دوای لێکۆڵینەوە کارناسەکە ڕایگەیاندووە کە گوڵجەمین نەجەفی بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست نەداوە بەڵکوو بەهۆی بەرکەوتنی شتی قورس لە سەر کوژراوە و ئەم کارە شانۆسازییە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "گوڵجەمین نەجەفی خاوەنی سێ کچە کە هەر سێ کچەکەی ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە. هەروەها عەلی ئاقا ڕەزایی هاوژینی گوڵجەمین هەتا ئێستا لەلایەن پۆلیسەوە دەسبەسەر نەکراوە".

ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردن و سەرەخۆشیی گوڵجەمین نەجەفی لە گوندی "سەراوارەی موالی نەجەف" سەر بە شاری سەرپێڵی‌زەهاو، بەڕێوە چووبوو.