داعش لە کۆبانی چەکی کیمیایی بەکار هێناوە

13:31 - 3 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا شەڕ و پێکدادانەکان لە شاری کۆبانی و گوندەکانی دەوروبەری بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەیان گرتووەو هێندێک سەرچاوە باس لە بەکار هاتنی چەکی کیمیایی لە شاری کۆبانی دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەگوترێ هێزەکانی سەربە دەوڵەتی ئیسلامی، لە شاری کۆبانی لە \"کوردستانی سووریا\"، لە کاتی هێرش بۆسەر هێزە کوردییەکان چەکی کۆمەڵکوژیان بەکار هێناوە.

بەپێی راپۆرتی سەرچاوەکانی نزیک لە (پ.ک.ک)، چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش لە بەشی رۆژهەڵاتی شاری کۆبانی چەکی کیمیاییان بەکار هێناوە و بەوهۆیەوە ژمارەیەک لە هاووڵاتییان بریندار بوونە.
بەپێی ئەو وێنانەی کە لەمەڕ بەکارهاتنی چەکی کیمیایی و برینداربوونی هاووڵاتییانی شاری کۆبانی بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراون، چەند هاووڵاتییەکی کورد لە کۆبانی بە چەکی کیمیایی بریندار بوونە.

هەتا ئێستا، هەواڵی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن ‌هێزەکانی سەربە داعشەوە لە شاری کۆبانی، لەلایەن هیچکام لە هەواڵدەرییە فەرمییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

دەگوترێت، ٢٠ رۆژ پێش ئیستا دوو پزیشکی کوردی خەڵکی \"کوردستانی ئێران\"، بە مەبەستی چارەسەریی بریندارانی کۆبانی چوونەتە \"کوردستانی سووریا\".

هێرشی چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامی بۆسەر شاری کوردنشینی کۆبانی و دەورەوبەری، پەرچەکرداری زۆربەی وڵاتانی جیهان و بەتایبەت ئەمریکای بەدوای خۆیدا هێناوە و بە پێدانی چەک و تەقەمەنی و یارمەتیی پزیشکی هاوکاریی هێزە کوردییەکانیان کردووە.
\"22840.jpg\"

\"22841.jpg\"

\"22843.jpg\"

\"22844.jpg\"

\"22845.jpg\"