داریووش مورادی لە شاری شاباد دەسبەسەر کرا

11:47 - 5 سەرماوەز 2720

ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەز، داریووش مورادی، چالاکی فەرهەنگیی کورد خەڵکی شاری شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردەیان لە ماڵەکەی خۆیدا،  دەسبەسەر و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان کەرەستەی شەخسیی ئەو چالاکە فەرهەنگییەیان بە تایبەت موبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردە پاش دەسبەسەری لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونیدا، داوای لە بنەماڵەکەی کردووە کە هەوڵی گرتنی پارێزەر دابن بۆی.

داریووش مورادی لە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ماڵپەڕی "هەسارە"یە و هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی دژی ئەو چالاکە فەرهەنگییە، زانیارییەکی ورد نییە.

 ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی سەرماوەزی ٩٨، ئەو چالاکە فەرهەنگییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەز، چالاکێکی فەرهەنگی بە ناوی "ئانیسا جەعفەری ‌مێهر" تەمەن ٢٧ ساڵ، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.