داریووش مورادی بانگهێشتی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئیسلام ئابادی غەرب کرا

17:50 - 29 رێبەندان 2720

داریووش مورادی، چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی ئیسلام ئابادی غەرب (شاباد)، بۆ دوایین داکۆکی لە خۆی، بانگهێشتی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەو شارە کرا.

تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ئەو چالاکە کوردە، "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی"، ڕاگەیەندراوە و ناوبراو دەبێ ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ڕێبەندان، لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئیسلام ئابادی غەرب ئامادە بێت.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی سەرماوەز، داریووش مورادی بە دانانی کفاڵەت بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەز، ئەو چالاکە فەرهەنگییە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو چالاکە فەرهەنگییەیان لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردبوو.