دارستانەکانی گوندی "قازانلی" لەلایەن فەرمانبەرانی جەنگەڵبانییەوە دەبڕدرێن

10:59 - 7 رێبەندان 2719

فەرمانبەرانی جەنگەڵبانی و ژینگەپارێزیی شاری سایین قەڵا، لە گوندی "قازانلیـ"ـی ئەو شارە، دەستیان بە بڕینی دارستانی لەوەڕگەی ئەو گوندە کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "تێکدان و بڕینی دارستانەکانی گوندی قازانلی لەلایەن فەرمانبەرانی جەنگەڵبانییەوە، بە مەبەستی هەڵگرتنی شن و ماسە بووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئاشکرای کرد، ئەم هەوڵەی فەرمانبەرانی جەنگەڵبانی، ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو گوندەی لێکەوتووەتەوە و داوایان لە بەرپرسانی پەپوەندیدار کردووە کە پێش بەو کارە بگرن.

ماوەی چەند ساڵێکە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، فەرمانبەرانی حکوومەت و کەسانی هەلپەرست، بە مەبەستی جۆراوجۆر دەستیان کردووە بە بڕینی دارستانەکان و تێکدانی ژینگەی ناوچەکانی کوردستان.