دارستانەکانی پۆلدۆختەر ئاگریان تێبەربوو

17:33 - 22 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: ئاگر کەوتنەوە بەردەوامەکان و ئاگرتێبەردانەکانی دارستان و لێڕەوارەکانی زاگرۆس لەو ساڵانەی دوایی‌دا، و خەمساردیی بەرپرسانی حکوومەتی لەمەڕ پێشگیری کردن لە دووپاتبوونەوەی ئەم چەشنە ڕووداوانە، ئێکۆ سیستمی کوردستانی ڕووبەڕووی مەترسیی جیدی کردۆتەوە.

ئاگر کەوتنەوەی بەردەوام و ئاگرتێبەردانی دارستان و لێڕەوارەکانی زاگرۆس لەو ساڵانەی دوایی‌دا، و خەمساردیی بەرپرسانی حکوومەتی، لەمەڕ پێشگیری کردن لە دووپاتبوونەوەی ئەم چەشنە ڕووداوانە و نەبوونی ئیمکاناتی بەرفراوان و تەواو بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگر، ژیان و ژیار و ئێکۆسیستمی کوردستانی ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسیی جیددی کردۆتەوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی حکوومەتی\"مهر\"، حوجەت بەساتی، گوندیاری گوندی \"پۆلدۆختەر\"، ڕاگەیەندووە کە لێڕەوارەکانی ناوچەی \"کرکیی\" ئەو شارستانە ئاگری تێبەربووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەم ئاگرکەوتنەوەیە کاتژمێر حەوتی بەیانیی ڕۆژی پێنج‌شەممە ٢١ی گەلاوێژ، لە دارستان و لێڕەوارەکانی \"کرکی\"ی پۆلدۆختەر دەستی پێکردووە و لە کۆتایی هاتنی ئەم شەپۆلە ئاگرە زانیارییەکی نوێ بەدەستی کوردپا نەگەییشتووە.

نەبوونی ئیمکاناتی ئاگرکوژێنەوەی پێویست و خەمساردیی بەرپرسانی پێوەندیدار بە قەیرانە ژینگەییەکان، پەرەی بە ئاگرکەوتنەوەکان لە لێڕەوارەکانی زاگرۆس داوە و بووەتە هۆکاری فەوتانی پانتای لێڕەوارەکانی زاگرۆس.

شایانی باسە خەڵکی خەمخۆری ژینگەی ناوچەکانی زاگرۆس بە هەموو تواناوە و بە کەمترین ئیمکاناتەوە، هەوڵی کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگر کەوتنەوانە دەدەن، بەڵام کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگر، دەسەڵات و ئیمکاناتی سەروو خەڵکی و حکوومەتیی پێویستە، کە لەو بارەوە حکوومەت بەتەواوی خەمساردە.