دارستانەکانی مەریوان لە بێدەنگیدا دەمرن

16:26 - 28 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: ناوەندە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بە مەبەستی سازکردنی بنکەیەکی نیزامی، دەستیان داوەتە تێکدانی ناوچەیەکی فراوانی لە دارستانەکانی ناوچەی \"سەرکەلـ\"ـی شاری مەریوان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەم چەند ڕۆژەی دواییەدا، دارستانەکانی گوندی سەرکەل بۆ لای گوندی باڵک، سەر بە شاری مەریوان بە بۆردیزڵ و شۆفڵەکانی حكوومەتەوە وێران و بە جادە دەکرێن.
بە وتەی شایەتحاڵان، ئەم جادەیە بۆ شاخی \"تەقتەقەی سەرکەل\" بە مەبەستی سازکردنی بنکەیەکی نیزامی لێ دراوە.

درێژی ئەم جادەیە نزیکەی ٤ کیلۆمێتر و پانییەکی ٧ مێترە، کە لە گوندی سەرکەل دەستی پێ کردووە و لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا کاری ٣ لەسەدی ئەم جادەیە تەواو بووە و لە ئێستەدا بەرەو گوندی باڵک دەڕوات.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لە کاردانەوە بە تێکدانی دارستانەکانی سەرکەل ڕایگەیاندووە: \"بە سەرنجدان بە پێویست نەبوونی جادەی سەرکەل بۆ گوندی باڵک لە کاتێکدا کە گوندی سەرکەل خاوەنی جادەیە، لە ڕاستیدا تێكدانی تەواوی دارستانەکانی ناوچەکە، هیچ پاساوێکی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەپارێزی هەڵناگرێت.

ئەم ئەنجومەنە ژینگەپارێزییە لە درێژەدا دەڵێت: \"ئیدارە و ناوەندەکانی پەیوەندیدار لە کوێی ئەم پرسەدان کە بێدەنگیان هەڵبژاردووە، لە کاتێکدا جادە \"قەتڵگە\"ی مەریوان- سنە نزیک بە سێ دەیە هێشتا تەواو نەکراوە؟!!\"
چالاکانی ژینگەپارێزی لەو باوەڕەن، کە تێکدانی دارستانەکانی سەرکەل، زەربەیەکی گەورە لە پەیکەری ئەو دارستانە دەدات، خەسارەکەشی قەرەبوو ناکرێتەوە، لە داهاتوودا زیانی بۆ ژینگەی دەوروبەر و لایەنگرانی ژینگەپارێزی دەبێت.