دارستانەکانی شاخی شاهۆ بە دوای تۆپباران کردنی سپای پاسدران جارێکی دیکە ئاگری گرت

22:16 - 23 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: تۆپباران کردنی شاخی شاهۆ، جارێکی دیکە ئاگری لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو ئەو شاخە بەردا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دا، سپای پاسدران بۆ چەندەمین جار شاخی شاهۆی تۆپباران کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری کامیاران ڕایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی گەلاوێژ، جارێکی دیکە تۆپخانەکانی سپای پاسداران شاخی شاهۆیان تۆپباران کرد و خەسارێکی بەرچاوەی بە دار بەڕووەکانی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.

ئاگر کەوتنەوە لە دار بەڕووەکانی شاخی شاهۆ لە لایەن سپای پاسدرانەوە لە کاتێک دایە کە شاخی شاهۆ ناوچە پارێزراوی ژینگەپارێزیە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسدران که لە شاری تارانەوە بۆ ناوچەی شاهۆ لە شاری کامیاران ڕەوانە کراوە، ڕایگەیاندووە،\"ئێمە دار بەڕووەکانی شاخی شاهۆ تۆپباران دەکەین، چوونکە ئەو دارستانانە شوێنی خۆ حەشاردانی هێزە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە\".

هاووڵاتییانی دانیشتووی کوردستان لەو باوەڕەدان کە ناوەندە ئەمنیەتی_نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی بوون و خۆشاردنەوەی هێزە کوردییەکانی دژبەری حکوومەت، دارستانەکان ئاگر تێبەر دەدەن.

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی گەلاوێژ، سپای پاسداران لەوەڕگەکانی شاخی شاهۆی کردە ئامانجی تۆپباران و بەشێکی زۆر لە پووش و پاوەنی شاخی شاهۆ لە ئاگردا سووتان.

کوێستانی شاهۆ لە ٥٠ کیلۆمێتری سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان هەڵکەتووە.