دارستانەکانی سلێمان‌بەگی بانە ئاگریان گرت

21:46 - 15 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: رووبەرێکی فراوان لە لەوەڕگە و دارستانەکانی \"سلێمان‌بەگ\"ی شاری بانە لەئاگردا سووتان و بوون بە خۆڵەمێش.

بەپێی‌ راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە ١٤ی پووشپەڕ، دارستانەکانی سلێمان‌بەگی شاری بانە تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون و بەشێکی زۆر لەسروشت و دارستانەکانی ئەو ناوچەیە لە ناو چوون.

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە خەسارێکی بەرچاوی بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندووە و هەتا ئێستاش هۆکاری ئەو ئاگرکەوتنەوەیە روون نەبووەتەوە.

ئاگرەکە بە هاوکاری ئەندامانی ئەنجومەنی پاژینی بانە و چالاکانی ژینگەپارێزی کونتڕۆڵ کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، شەممە ١٣ی پووشپەڕ، دارستانەکانی ناوچەی \"گاڕان\" سەر بە شاری مەریوان تووشی ئاگرکەوتنەوە هاتبوون و ئاگرەکە بەشێکی زۆر لەدارستان و گیانلەبەری ئەو ناوچەیەی لە ناو برد.

هەواڵنێرانی کوردپا لەشارو گوندەکانی کوردستانی ئێران بە بەردەوامی سەرقاڵی رووماڵ کردنی هەواڵی ئاگرکەوتنەوەکانن و باسیان لەوە کردووە سەرەڕای زەرەر و زیان لە دارستانەکانی کوردستان، ژیانی گیانلەبەرە کێوییەکان و شوێنی مانەوەشیان تووشی خەسارەتێکی جیددی بوون.

\"28103.jpg\"
بە هۆی بوونی پووش و چڕی دارستانەکانی زەنجیرە چیای زاگرۆس، ئاگرکەوتنەوەکان سروشتی دێنە بەرچاو، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هۆکارە مرۆییەکان لەو ئاگرانەدا رۆڵیان هەیە.

دانیشتوانی ناوچەکانی کوردستان لەو باوەڕەدان کە ناوەندە ئەمنیەتی_نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران بە بیانووی بوون و خۆحەشاردانی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، دارستانەکانی کوردستان ئاگر تێبەر دەدەن.

هەرچەندە بەرپرسیاریەتی و پاراستنی دارستانەکان و لەوەڕگەکان لە ئەستۆی ناوەندە حکوومەتییەکانی وەک ئیدارەی ژینگەپارێزی، جەنگەڵبانی و ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەیە، بەڵام لەزۆربەی حاڵەتەکاندا چالاکانی بواری ژینگە و خەڵکی ئاواییەکان بۆ کووژاندنەوەی ئاگرەکان پێش قەدەم بوونە.

لەو پێوەندییەشدا زۆر جار بینراوە کە چالاکانی ژینگەپارێزی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی \"ئەمنیەتی\" دەستبەسەر و بە زیندان مەحکووم دەکرێن.