دارستان و لەوەڕگەکانی چیای بەمۆ لەئاگردا سووتان

16:47 - 6 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: رووبەرێکی زۆر لەلەوەڕگە و دارستانەکانی چیای بەمۆ لەئوستانی کرماشان لەئاگردا سووتان.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٥ی گەلاوێژ، دارستان و لەوەڕگەکانی چیای بەمۆ لەناوچەی سەلاسی باوەجانی سەر بە ئوستانی کرماشان ئاگریان گرت و خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیشتووە.

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بە هاوکاری خەڵکی ناوچەکە، چالاکانی مەدەنی و ژینگە پارێزیی دوای چەند کاتژمێر کونتڕۆڵ کراوە.

لەماوەی یەک مانگی رابردوودا ئەوە چەندەمین جارە کە چیای بەمۆ ئاگر دەگرێت و لایەنە پێوەندیدارەکان هیچ هەوڵێکیان لەو بارەیەوە نەداوە.

چیای بەمۆ بەشێکە لەزەنجیرە چیای زاگرۆس و بەرزاییەکەی هەزار و ٨٤٢ میترە.

هەر لەو پەیوەندییەدا رێکەوتی ١ی گەلاوێژیش، دارستانەکانی گوندی \"کوپانە\"ی سەر بە بەخشی \"باینگان\"ی جوانڕۆ ئاگریان گرتبوو.

هەر ئەو کات سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاندبوو، بە حوکمی ئەوەی لەشوێنی ئاگرەکە لقە داری شکاو و بڕدراو بینرابوو، ئەگەری ئەوە بەهێز دەکات کە ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بە ئەنقەست رووی داوە.